ئابوری

ئێستا گەیشت.. بەم نزکانە 100 دۆلاری ئەمریکی دەبێت بە 100 هەزار دینار

نها نیوز – هەواڵەکان 

راوێژکارێکی بانکە ئەهلییەکانی عێراق رایدەگەیەنێت، بەهۆی سەردانەکەی محمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ ئەمریکا بێبەشکردنی بانکەکان لە دۆلار راستدەکرێتەوە و بەهۆیەوە ئەگەریش هەیە ساڵی داهاتوو بەهای فەرمیی 100 دۆلار بکرێتە 100 هەزار دینار.

د. سەفوان قوسەی، راوێژکاری کۆمەڵەی بانکە ئەهلییەکانی عێراق لە چاوپێکەوتنێکدا رایگەیاندووە "سیاسەتی هەردوو بانکە ناوەندییەکانی عێراق و ئەمریکا و سەردانی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ ئەمریکا، دەریخست کە دەکرێت پرۆسەی بێبەشکردنی بانکەکان لە دۆلار دەکرێت راست بکرێتەوە.
 
د. سەفوان وتیشی "تێڕوانینێکی ئەرێنی دروست بووە بەوەی دەکرێ سیستمێکی بانکیمان هەبێت کە بتوانێت پێویستیی حەواڵە پڕ بکاتەوە. دەشڵێت: "ئەو متمانەیە بە بانکەکان، بەهای دینار [بەرامبەر بە دۆلار] بەرز دەکاتەوە".

ئەو راوێژکارە پێیوایە، ئەوە ئاماژەی بەهێزبوونی دینارە و وا دەکات نزیک بێتەوە لە بەهای فەرمیی بانکی ناوەندی، بەتایبەتیش ئەگەر دەست بە مامەڵەی بانکە نێوەندگیرەکان بکرێت لەگەڵ بانکەکانی جیهان و گومان لەسەر خاوبوونەوەی حەواڵە نەمێنێت.
 
سەبارەت بە داهاتووی بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلار، ناوبراو ئاشکرایکرد "دابەزینی بەهای دۆلار لە بازاڕی هاوتەریب بەردەوام دەبێت بەشێوەیەکی قۆناخ بە قۆناخ، وەزارەتی دارایی عێراق لە دۆخێکی باشدایە و ئەگەر بتوانێت قەرزە نێوخۆییەکان و قەرزەکانی بانکی ناوەندی بداتەوە کە زیاتر لە 45 ترلیۆن دینارە، ئەوکات نەختینەی بانکەکە بەهێز دەبێت و پاڵپشت بە زیاتر لە 100 ملیار دۆلار، دەتوانێت بەهای یەک دۆلار بۆ هەزار دینار دابەزێنێت، واتە 100 دۆلار بەرامبەر بە 100 هەزار دینار".
 
د. سەفوان ئاماژەی بەوەشکرد "دەکرێت ئەمە ئەم ساڵ نەبێت و ساڵی داهاتوو رووبدات، بەڵام دابەزینی بەهای دۆلار لە بازاڕەکان بەردەوام دەبێت.

ئ.ز
2024-05-09
زیاتر...