ئابوری

ته‌یف سامى بڕیار له‌ باره‌ى مووچه‌ى فه‌رمانبه‌رانى هه‌رێمه‌وه‌ ده‌دات

نها نیوز ـ هه‌واڵه‌كان

وه‌زاره‌تى دارایی هه‌رێم له‌ باره‌ى موچه‌ى مانگى چوار هاته‌ده‌نگ و سه‌رچاوه‌یه‌كیش زانیاریى سه‌باره‌ت به‌و ده‌نگۆیه‌ ئاشكراده‌كات گوایه‌ وه‌زیرى دارایی عێراق، فه‌رمانگه‌ى ژمێركارى وه‌زاره‌ته‌كه‌ى راسپاردووه‌ بۆ دابینكردنى مووچه‌ى مانگى چوارى فه‌رمانبه‌رانى هه‌رێم.

به‌ گوێره‌ى ئه‌و ده‌نگۆیه‌ى له‌ میدیاى كوردیدا بڵاوكراوه‌ته‌وه‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات، سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی عێراق رایگەیاندووه‌ "ئەمڕۆ سێشەممە، تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق، داوای لە فەرمانگەی ژمێرکاریی کردووە، پارە بۆ وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێم بنێرێت، بەمەبەستی دابەشکردنی مووچەی مانگی 4ی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان".

له‌وباره‌یه‌وه‌ سه‌رچاوه‌یه‌كى به‌رپرس له‌ وه‌زاره‌تى دارایی هه‌رێم له‌ڕێگه‌ى نها نیوزه‌وه‌ روونكردنه‌وه‌یدا و رایگه‌یاند، "ئێمه‌ش ته‌نها له‌ راگه‌یاندن و په‌یجه‌ كوردیه‌كان ئه‌و هه‌واڵه‌مان بینیوه‌، ئه‌گه‌رنا به‌ فه‌رمى له‌ به‌غداوه‌ هیچ به‌ ئێمه‌ له‌وه‌زاره‌تى دارایی نه‌وتراوه‌".

سه‌رچاوه‌كه‌ ئه‌وه‌شى وت:"هه‌ركات له‌ به‌غداوه‌ به‌ فه‌رمى باسى مووچه‌ له‌ گه‌ڵ ئێمه‌ بكرێت، ئێمه‌ ئاشكرایده‌كه‌ین و لیستى مووچه‌ راده‌گه‌یه‌نین، به‌ڵام تائێستا هیچیان به‌ ئێمه‌ نه‌وتووه‌".

ئه‌مه‌ش له‌ كاتێكدایه‌، ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ عەبدولزەهرا هینداوی وتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق رایگەیاندووه‌، "ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بڕیارێکی گرنگیداوه‌، بڕیارەکە ئەوەیە کە دەبێت حکومەتی هەرێم 50%ی داهاتە نانەوتییەکان، کە لە گومرگ و باجەکان پێکهاتووە، رادەستی حکومەتی فیدراڵی بکات، لە بەرامبەردا گرەنتی لەلایەن حکومەتی فیدراڵی وەربگرێت لە بەرامبەر داواکارییەکانی وەکو ئاوەدانکردنەوە و مووچەی فەرمانبەران و بابەتی بەبانکیکردنی مووچە و یەکلاییکردنەوەی ئەم پرسانە".

2024-05-07
زیاتر...