کوردستان

پارتی: حکومەتی هەرێم دەتوانێت دژی دواکەوتنی موچە سکاڵا تۆمار بکات


بڕیاردەری لیژنەی دارایی لە خولی پێشوی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، بابەتی بودجە لە عێراق بوەتە پرسێکی سیاسی، حکومەتی هەرێم دەتوانێت لە دادگای فیدراڵی سکاڵا لەسەر دواکەوتنی موچە بکات.

ئەحمەد سەفار، بڕیاردەری لیژنەی دارایی لە خولی رابردوی پەرلەمانی عێراق، بە میدیای پارتی راگەیاند، بابەتی بودجە لە عێراق بوەتە پرسێکی سیاسی، هەروەها ڕێز لە دەستور ناگیرێت و جێبەجێ ناکرێت.

ئاماژەی بەوەش کرد، پەیوەندی دارایی و ئابوریی ئێمە لەگەڵ بەغدا جێگیر نەبوە، لەبەرئەوەی بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان، کە لە 12.67% پێویستە بنێردرێت.

وتیشی،  بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی دەری کرد باش بو کە وتی حکومەتی فیدراڵ دەبێت پابەند بێت بە پێدانی موچە بە فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە کاتی خۆیدا، بڕیارێکی دیکەی دادگای فیدراڵی بابەتی تەوتین کردن بو، کە کاتێکی زۆری دەوێت تاوەکو زیاتر لە ملیۆنێک فەرمانبەری هەرێمی کوردستان هەژماری بانکی دروست بکەن.

ئەحمەد سەفار ئاماژەی بەوەش کرد، ئێستا دانوستاندن لەسەر پڕۆژەی هەژماری من دەکرێت، کە زیاتر لە 300 هەزار کەس بەشدارە لە پڕۆژەی هەژماری من، لەبەر ئەوە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەتوانێت شاندێک بنێرێتە دادگای فیدراڵی سکاڵای خۆی بکات تاوەکو دادگا نوسراوێک بۆ وەزارەتی دارایی عێراق بکات بۆ ئەوەی موچە لەکاتی خۆی بنێرێت، دواتر بچن ڕێکارەکانی دیکە بگرنە بەر.

هەروەها وتیشی، ئێستا هەندێک جار موچەی عێراقیش دوادەکەوێت، کە مانگی ڕابردو دواکەوت، ئەوەش بەهۆی نەختینەوەیە چونکە ئێستا نەختینە کەمە، لەڕاستیدا 103 ترلیۆن دینار هەیە بەڵام ئەوەی لەبەردەستە 25 ترلیۆن دینارە، ئەویتر هەموی لای خەڵکەو نایبەنە بانکەکان، چونکە متمانەیان بەبانکەکان نییە.
2024-05-07
زیاتر...