کوردستان

بڕێكى زۆر ده‌رمانى قاچاخ له‌ ده‌رمانخانه‌یه‌كدا ده‌ستى به‌سه‌رداگیرا

نها نیوز ـ هه‌واڵه‌كان

بەرپرسی بەشی چاودێریی بازاڕ و بازگەکان لە بەڕێوەبەرایەتیی کوالێتی کۆنترۆڵی دەرمان ئاشكرایده‌كات، لە دەرمانخانەیەکی شاری هەولێر دەستیان بەسەر بڕێکى زۆر دەرمانی قاچاغدا گرتووه‌ کە بە شێوەیەکی زۆر نھێنی شاردبوویانەوە.

د. محەممەد ڕەشید بەرپرسی بەشی چاودێریی بازاڕ و بازگەکان لە بەڕێوەبەرایەتیی کوالێتی کۆنترۆڵی دەرمان ڕایگەیاندووه‌، لە درێژەی بەدواداچوونەکانیان بۆ دۆخی دەرمان لە دەرمانخانەکانی هەرێمی کوردستان، لە دەرمانخانەیەکی شاری هەولێر دەستیان بەسەر بڕێک دەرمانی قاچاخدا گرتووە.

ئەو بەرپرسەی بەڕێوەبەرایەتیی کوالێتی کۆنترۆڵی دەرمان ئاماژەی بەوەش کرد: ئەو بڕە دەرمانەی دەستی بەسەردا گیراوە، ستیکەری کوالێتیی کۆنترۆڵی لەسەر نییە و بەشێوەیەی شاراوە لە دەرمانخانەکەدا هەڵگیراون و ڕوونی کردەوە: هەرچەندە لە سیستمی دەرمانخانەکەدا تۆمار کراوە بەڵام جۆرێکی دەرمانەکان لەلایەن کۆمپانیای بەرهەمهێنەوە لە بازاڕەکانی عێراق کشێندراوەتەوە و شیاونین بۆ بەکارهێنان.

د. محەممەد ڕەشید باسی لەوەش کرد: دوای دەست بەسەرداگرتنی دەرمانەکان، ڕێککاری یاسایی بەرامبەر دەرمانساز و دەرمانخانەکە دەگیرێتەبەر و جەختی کردەوە، کە تیمەکانیان لە گەڕان و پشکنین بۆ دەرمان بەردەوام دەبن و تەنیا ئەو دەرمانانە ڕێگەپێدراون بدرێت بە نەخۆش و لە دەرمانخانەکان بفرۆشرێت، کە ستیکەری کوالێتی کۆنترۆڵی لەسەر بێت.

پێشتریش چەندینجار، وەزارەتی تەندروستیی حکوومەتی كاربه‌ڕێكه‌رى هەرێم داوای لە دەرمانخانە، سەنتەر و نەخۆشخانە تایبەتەکان کردبوو، خۆیان بەدووربگرن لە دەرمان و پێداویستیی پزیشکی بێ ستیکەر و نافەرمی، هاووڵاتییانیشی ئاگاداركردبوه‌وه‌ هۆشیاربن لەکاتی کڕینی دەرمان بەنرخی فەرمی سەر ستیکەر و دڵنیابوونەوە لە هەبوونی ستیکەری ئەلیکترۆنی.

لەگەڵ ئەوەشدا، وەزارەتی تەندروستی ڕایگەیاندووە، لەکاتی هەستکردن لە نەبوونی ستیکەر یان نرخی گرانتر لە نرخی فەرمی، دەستبەجێ پەیوەندی بە هێلە گەرمەکانی چاودێریی دەرمان بکەن بە ژمارەی مۆبایلی ڕاستەوخۆ، واتسئەپ و ڤایبەر (07502356000).

2024-05-07
زیاتر...