کوردستان

کۆمسیۆنی عێراق وەڵامی مەسرور بارزانی دەداتەوە

نها نیوز – هەواڵەکان

وتەبێژی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق سەبارەت بە سکاڵایەکی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێمی کوردستان لەدژیان رایدەگەیەنێت، ئاگاداری ئەو داوایە نین کە گوایە سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر کۆمسیۆنەکەیان تۆمارکردووە، دەشڵێت "دەستمان بە چاپکردنی پەڕەی دەنگدان کرد".

جومانە غەلای، وتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە دەنگی ئەمەریکای وت "بەفەرمی هیچ ئاگادارکردنەوەیەک سەبارەت بەوەی کە سەرۆکی حکومەتی هەرێم داوای لەسەرمان کردبێت نەگەشتووەتە دەستمان لە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، ئێمە مامەڵە لەگەڵ نووسراوی فەرمی دەکەین.

وتیشی "کۆمسیۆن ئیش لەسەر ئامادەکارییەکانی بۆ هەڵبژاردن دەکات لە وادەی دیاری کراوی خۆیدا، ئێمە وەک کۆمسیۆن کە وادەی یاساییمان لە 7ی مانگی حەوت تەواو دەبێت، هەتا وادەی یاسایی خۆمان ئێمە ئامادەین بۆ سەرپەرشتیکردنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێم بەپێی مەرسوومی سەرۆکایەتی هەرێم لە 10ی مانگی شەش".

غەلای رونیشیکردەوە "کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق بەردەوامە لە رێکارەکانی بۆ ئەوەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەپێی پێوەرە نێودەوڵەتییەکان بکات و نووسینگەکانی کۆمیسیۆن بەتایبەت لە هەرێمی کوردستان بەردەوامن لە کارەکانییان بۆ دابەشکردنی کارتی بایۆمەتری لە 173 بنکەی تۆمارکردن، بۆیە هەواڵی راگرتنی کارەکانی کۆمیسیۆن دوورە لە راستییەوە.

وتەبێژی کۆمسیۆنی عێراق ئاماژەی بەوەشکرد "لەچوارچێوەی ئامادەکارییەکانی کۆمیسیۆن بۆ هەڵبژاردنەکە کۆمیسیۆن دەستیکردووە بە چاپکردنی کاغەزی دەنگدان کە ناوی پارتە سیاسییەکان و هاوپەیمانیێتییەکان و ژمارەی ئەو بەربژێرانەی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەشدارن، لەخۆدەگرێت.
 
بە پێی نووسراوێک کە لە بەشێک لە میدیاکان بڵاو کرایەوە، ئەمڕۆ 6ی مانگی پێنج مەسروور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە دادگای فیدڕاڵی سکاڵای لەسەر سەرۆک و ئەندامانی ئەنجومەنی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق تۆمارکردووە، داوا دەکات فەرمان بۆ ڕاگرتنی ڕێوشوێنەکانی ئەنجامدانی هەڵبژاردن دەربکات.

هاوکات پێشەوا هەورامانی، وتەبێژی حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێمی کوردستان بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، ئەو ئاگاداری سکاڵایەکی وەها نییە.

بە پێی مەرسوومی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، ڕۆژی 10ی مانگی شەش هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان بەڕێوەدەچێت، بەڵام بەهۆی سووربوونی پارتی لەسەر بەشداری نەکردنی لە هەڵبژاردن کێشە بۆ ئەنجامدانی لەکاتی خۆیدا دروستبووە.

ئ.ز

 
2024-05-07
زیاتر...