تەندروستی

چۆن لە رەمەزاندا خۆم لە قەبزی بپارێزم؟

نها نیوز - هەواڵەکان

د. حەبیب مەحمود، پسپۆڕی نەشتەرگەریی هەرس و جگەر  سەبارەت بە خۆپاراستن لە قەبزی لە رەمەزاندا زانیاری بۆ میدیای یەکێتی دەخاتە روو و دەڵێت "رۆژووی رەمەزان ھەندێک جار دەبێتەھۆی قەبزی و کێشەی کۆئەندامی ھەرس لە ھەندێک لە رۆژووەواناندا، بەتایبەتی ئەوانەی پێش رەمەزان کێشەی قەبزییان ھەبووە. زۆرجار بەھۆی ئەم قەبزییەوە دووچاری مایەسیری و قڵیشانی کۆم و خوێن بەربوون دەبن، ئەمەش بەھۆی تێپەڕبوونی پیسایی و پاشماوەی خواردنی زۆر رەق بەناو ناوپۆشی کۆمدا.

گرنگترین ھۆکارەکانی قەبزی لە رەمەزاندا ئەمانەن:

ـ گۆڕانکاری لە جۆری خواردن و شێواز و کاتی خواردن کە ھۆکارێکە بۆ گۆڕانکاری لە جوڵەی ریخۆڵەکان و بەتاڵکردنەوەی ریخۆڵەکان.

ـ کەمیی ئاوخواردنەوە لەکاتی بەڕۆژووبووندا کە دەبێتەھۆی وشک بوونەوە و ھۆکارێکە بۆ رەقبوونی پاشماوەی خۆراک و پیسایی.

ـ کەمبوونەوەی جووڵە و چالاکیی رۆژانە، لە رەمەزاندا زۆربەی خەڵکی پشوو دەدات یان لە ماڵەوەن یان کاتەکان بە خەوتن بەسەر دەبەن، ئەمەش ھۆکارێکە بۆ قەبزی.

چی بکرێت بۆ خۆپاراستن لە قەبزی لە رەمەزاندا؟

ـ خواردنەوەی بڕێکی زۆر لە ئاو و شلەمەنی لەنێوان بەربانگ و پارشێودا.

ـ گرنگی بدرێت بەو خواردنانەی کە بڕێکی زۆر ریشاڵیان تێدایە وەک سەوزە و میوە.

ـ ئەنجامدانی وەرزش و جووڵە و چالاکیی بەردەوام.

ـ بەکارھێنانی ھەندێک دەرمان بۆ ئاسانکاری لە شلبوونەوەی پیسایی.

"باشترە کە پارشێو بکرێت، چونکە یارمەتیدەر دەبێت بۆ رێگریکردن لە وشکبوونەوە.
2025-03-13
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.