نها نیوز – هەواڵەکان
حزبوڵڵای عێراقی رایدەگەیەنێت "بەرەی مقاوەمەی عێراق، بە ئاگربەستی لوبنان ناوەستێت، تاوەکو ئیسرائیل لە غەززە نەچێتە دەرەوە".
ئەمڕۆ چوارشەممە، حزبوڵڵای عێراقی لە پێگەی فەرمی خۆی بڵاوی کردەوە "ئاگربەستی نێوان دوو بەرەی ململانێی لوبنان و ئیسرائیل، ئەگەر خۆڕاگریی چەکدارانی حزبوڵڵای لوبنانی و بێتوانایی ئیسرائیلییەکان نەبوایە ئەوە ئاگربەست نەدەکرا، بۆیە بڕیارەکە بە شێوەیەکی ئاشکرا لوبنانی بوو".
حزبوڵڵای عێراقی ئاماژە بەوەش دەکات "ئەمەریکا لە هەموو تاوانەکانی ستەم و کوشتن و ڕووخاندن و ئاوارەبووندا هاوبەشی ئیسرائیل بووە، بۆیە درەنگ یان زوو دەبێت باجی ئەوە بدات".
دەشڵێت "پشوودانی لایەنێکی بەرەی مقاوەمە کاریگەری لەسەر یەکڕیزی گۆڕەپانەکانی بەرەکە نابێت، بەڵکو لایەنی نوێ دێنە پێشەوە بۆ بەهێزکردنی گۆڕەپانی ململانێکان بۆ ڕووبەرووبونەوەی دوژمنان".
حزبوڵای عێراقی لە بڵاوکراوەکەدا ئەوەشی خستوەتە روو "هەڵوێستمان نەگۆڕە لەسەر پرسی فەڵەستین، ئەوە سەرمایەیە کە خوێنی بەنرخی خۆیان بۆ دەڕێژن، هەروەک چۆن لە لوبنان ڕژا"، ئاماژەی بەوەش کرد، "ئێمە لە لیواکانی حزبوڵڵا گەلەکەمان لە غەززە بەجێناهێڵین، هەرچەندە قوربانیدانەکان گەورە بن، هەروەها بێباکن لە هەڕەشەکانی دوژمنان و شێوازەکانی خیانەت و شێوازی تاوانەکانیان".
دوای زیاتر لە ساڵێک لە شەڕ و پێکدادانی نێوان سوپای ئیسرائیل و چەکدارانی حزبوڵلای لوبنان، دواجار شەوی رابردوو بە نێوەندگیریی ئەمەریکا، ئاگربەستێکی کاتی دوو مانگە لە نێوان هەردوو لایەن ڕێککەوتنی لەسەر کرا و کاتژمێر چواری بەرە بەیانی ئەمڕۆ بە کاتی بەیرووت ڕێککەوتنی ئاگربەستەکە جێبەجێ کرا.