عێڕاق

گەیشت.. سودانی لەسەر دۆخی کەرکوک هاتەدەنگ

نها نیوز – هەواڵەکان
سەرۆک وەزیرانی عێراق لە میانی دیداری لەگەڵ ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک لە پێکھاتەی عەرەبی رایگه‌یاند "نابێت ھیچ پێکھاتەیەک لە کەرکوک لە مافی بڕیاردان بێبەش بکرێت.

محەمەد شەیاع سودانى، سەرۆک وەزیرانی عێراق له‌گه‌ڵ ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک لە پێکهاتەی عەرەب كۆبووه‌وه‌ و جەختی لە گرنگیی تەواوکردنی پێکهێنانی حکومەتی خۆجێیی و کۆدەنگیی نێوان نوێنەرانی پێکهاتە برایەتییەکانی پارێزگاکە کردەوە.

ئاماژه‌شی به‌ دڵنیابوون لە بەشداریکردنی کاریگەری هەمووان و پەراوێزنەخستنی هیچ پێکهاتەیەک لە بڕیاردان كرده‌وه‌، لەبەر تایبەتمەندیی پارێزگاگە و پێویستیی هاوکاریی سەرجەم هێزە نیشتمانییەکان، بەمەبەستی بەدیهێنانی خواستەکانی خەڵکەکەی و بەردەوامبوونی پلانەکانی حکومەت لە بواری خزمەتگوزاری و گەشەپێدان و بەدیهێنانی بوژاندنەوەی ئابووری.

سودانی جەختی لەوەکردەوە، حکومەت لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنە ناوخۆییەکان لە کەرکوک سەرکەوتنی بەدەستهێنا، دوای ئەوەی لە ساڵی 2005ـەوە ئەنجامدانی ئەستەم بوو، ئەمەش نوێنەرایەتیی هەنگاوێکی گرنگ دەکات لەسەر ڕێگای چەسپاندنی سەقامگیری لە پارێزگاکە و جێبەجێکردنی بەڵێنەکانی بەرنامەکەی.

سەرۆک وەزیرانی عێراق ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، ئەنجومەنی پارێزگاکان و حکومەتە خۆجێییەکان باڵی جێبەجێکردن و پاڵپشتی حکومەتن لە هەوڵەکانی بۆ تەواوکردنی ئەرکە خزمەتگوزاری و ئابورییەکانی و لە بوارە جیاجیاکانی گەشەپێداندا.
 
2024-07-26
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.