عێڕاق

گەیشت.. مەترسییەکی گەورە لەسەر سەقامگیریی عێراق ئاشکرادەکرێت

نها نیوز – هەواڵەکان

سەرۆكی سەنتەری عێراقی بۆ لێكۆڵینەوەی ستراتیژی ڕایگەیاند، هۆشداری لە مەترسیی دووبارە بەئامانجگرتنی بەرژەوەندییەكان ئەمریكا لە عێراق دەدەن "ئەوەش کاریگەریى جددیی لەسەر سەقامگیریی عێراق دەبێت.

غازی فەیسەڵ، سەرۆكی سەنتەری عێراقی بۆ لێكۆڵینەوەی ستراتیژی بە میدیا ناوخۆییەکانی راگەیاند "دووبارە بەئامانجگرتنی بەرژەوەندییەکانى ئەمریكا لە عێراق کاریگەریى جددیی لەسەر سەقامگیریی وڵاتەکەمان دەبێت، چونکە ئەم بەئامانجگرتنە كاردانەوەی سەربازیی ئەمریكا بەرامبەر ئەو گرووپانە و سەركردەكانیان دەبێت، ئەمەش دەبێتە هۆی تێكچوونی دۆخی ئەمنی و سیاسیی وڵاتەکەمان.

دەشڵێت "دەستپێکردنەوەى ئەم هێرشانە بۆ سەر بنكە ئەمریكییەكان، كاریگەریی نەرێنیی لەسەر ڕەوتی گفتوگۆ و دانووستانەكانی نێوان بەغدا و واشنتن سەبارەت بە كۆتاییهێنان بە ئەركەكانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی، دەبێت.

ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا ئەوەشی دوپاتکردەوە "ئەم هێرشانە سوودانی و حكومەتەكەی دەخاتە دۆخێکى شەرمەزارکەرییەوە لەبەردەم كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، ئەمەش ڕەنگە كێشەی ناوخۆیی لە نێوان حكومەت و هەندێك لایەن دروستبكات.

ئەمە لەکاتێکدایە، پێشتر سودانی بەڵێنی بە گروپە چەکدارەکانی عێراق دابوو، هێزەكانی هاوپەیمانان لە عێراق دوور دەخاتەوە، لەبەر ئەمەش، ماوەی چەند مانگێك هێرشی گرووپەكانی سەر بە مقاوەمەی ئیسلامیی عێراق بۆ سەر بنكەكانی هاوپەیمانان وەستا، بەڵام بەهۆی ئەوەی تائێستا هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراقدا ماون، لە ماوەی سێ ڕۆژدا، گرووپە چەكدارەكان دوو هێرشیان بۆ سەر بنكەی عەین ئەسەد ئەنجامداوە.
 
2024-07-18
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.