عێڕاق

کەشناسی هۆشداریی بەپەلە دەدات و دەڵێت "مەچنە دەرەوە"

نها نیوز – هەواڵەکان

کەشناسیی عێراق هۆشدارییەکی بەپەلەی بڵاوکردووەتەوە و باس لە زیانەکانی تیشکی سەروو وەنەوشەیی دەکات لە عێراقدا، کە زیاتر لە دوو هێندەیە. رێنمایی هاوڵاتییانیش دەکات، لە کاتژمێر 10ـی بەیانی تا 4ـی ئێوارە، نەچنە دەرەوە.

ئەمڕۆ چوارشەممە کەشناسیی عێراق لە راگەیەندراوێکدا باسی لەوەکردووە، لە هەر 15 پارێزگاکەی عێراقدا، تێکڕای زیانەکانی تیشکی سەروو وەنەوشەیی 853.8 وات بووە لە مەترێکی چوارگۆشەدا، کە ئەوەش بە نزیکەیی 454 واتی زیاترە لە ناوەڕاستی رێژەی ناوەندی.

لە نەخشەکەی کەشناسیدا ئاماژە بەوەکراوە، رێژەی 200 وات لە مەترێکی چوارگۆشە و کەمتر، رێژەیەکی ئاسایی و کەمە، لە نێوان 200 بۆ 600 واتدا، رێژەکە ناوەندە و لە 600 زیاتر، رێژەکە بەرزە و زیانەکانی راستەوخۆ کاریگەریی دروستدەکەن.

بەپێی راگەیەندراوەکە، لە هەر 15 پارێزگاکەی عێراقدا، کەمترین رێژە بۆ ئەمڕۆ لە پارێزگای قادسیەیە، کە 592.7 واتە لە مەترێکی چوارگۆشەدا، هەروەها بەرزترین رێژەش لە ئەنبارە کە 1273.3 واتە.

کەشناسی هۆشداری داوەتە هاوڵاتییان، کە تیشکی سەروو وەنەوشەیی دەبێتە هۆی توشبوون بە شێرپەنجەی پێست و نەخۆشیی دیکە، هەروەها زیان بە چاو دەگەیەنێت و رێنماییان دەکات، کە بۆ خۆپاراستن لەو زیانانە، نەچنە بەر تیشکی خۆر، یانیش نەچنە دەرەوە لە کاتژمێر 10ـی بەیانی تاوەکو 4ـی پاشنیوەڕۆ.
 
2024-07-17
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.