عێڕاق

سوودانى پێشوازیی له‌ دیاریكردنى واده‌ى نوێى هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى كوردستان ده‌كات

نها نیوز ـ هه‌واڵه‌كان:

وتەبێژى حکومەتى عێراق ئاشكرایكرد، محەممەد شیاع سوودانى پاڵپشتى ئەنجامدانی هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان دەکات و پێشوازیشی کردووه‌ لە بڕیارى سەرۆکایەتیى هەرێمى کوردستان بۆ دیاریکردنى رۆژى هەڵبژاردن لە مانگى تشرینى یەکەمى داهاتوو.
 
لە راگەیه‌ندراوێکدا باسم عەوادى وتەبێژى حکومەتى عێراق ئاشكرایكردووه‌، "حکومەتى فیدراڵى بەهەموو شێوەیەک ئامادەیە بۆ پاڵپشتی پێویستییەکانى سەرکەوتنى ئەو پرۆسەى هەڵبژاردنە و هەموو هەوڵێک کە ببێتە هۆى بەشداریى گەلى کورد و پێکهاتەکانى دیکە لە هەرێمى کوردستان زیاد بکات، تاوەکو ئەنجامى ئەو پرۆسەى هەڵبژاردنە گوزارشتکارێکى راستەقینە بێت لە ویستى گەلەکەمان لە هەرێمى کورستان."
 
عەوادى نوسیویه‌تى:"حکومەتى فیدراڵى جەخت لەسەر پاڵپشتى دەکاتەوە بۆ هەوڵەکانى چالاککردنى دیالۆگى نیشتمانى لە نێوان سەرجەم هێزە سیاسییە نیشتمانییەکان لە هەرێمى کوردستان و هەموو ئەو رەوتانەى تێدەکۆشن بۆ کارکردنى هاوبەش لە ژێر چەترى یاسا و دەستوور و ناسنامەى نیشتمانى عێراق، ئەویش لە رێگەى بەشداریکردنێکى ئەرێنیانە لە بنیاتنانى دیموکراسی و پتەوکردنى ئاشتى کۆمەڵگەیی لە هەرێمى کوردستان."
 
ئەم په‌یامه‌ش له‌ كاتێكدایه‌، ئه‌مڕۆ چوارشەممە دڵشاد شەهاب وتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، نێچیرڤان بارزانی 20ـی تشرینی یەکەمی ئەمساڵی بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاریکردووه‌.

2024-06-26
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.