ئەندامێکى لیژنەى دارایى پەرلەمانى عێراق رایگەیاند "سەرەمووچە و پلەبەرزکردنەوەى فەرمانبەران هیچ پەیوەندییەکى بە بودجەوە نییە و پێویستە وەزارەتى دارایى خەرجى بکات".
موعین کازمى، ئەندامى لیژنەى دارایى لە پەرلەمانى عێراق بە رۆژنامەى سەباحى راگەیاندووە "ئەمڕۆ ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق دەنگ لەسەر خشتەکانى بودجە دەدات و پاشان لەماوەى هەفتەیەکدا بۆ پەرلەمان دەنێردرێت".
روونیشیکردەوە "لە خشتەکاندا بودجەى تەشغیلى بەرزبوونەوەیەکى گەورەى بەخۆیەوە بینیوە و پێشبینیدەکرێت بۆ دەنگدان لەسەرى لە پەرلەمان مانگێک بخایەنێت".
ئاماژەى بەوەش کرد "لەخشتەکاندا 8.5 تریلیۆن دینارى مانگانە بۆ مووچەى فەرمانبەران و چاودێریى کۆمەڵایەتى تەرخانکراوە".
کازمى جەختیکردەوە "حکومەت هەوڵ بۆ زیادکردنى داهاتە نانەوتییەکان دەدات و لەگەڵ سەرەمووچە و پلەبەرزکردنەوە کە پەیوەندیی بە خشتەکانى بودجەوە نییە و دەبێت وەزارەتى دارایى خەرجى بکات.
ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق دانیشتنێكی تایبەت بۆ گفتوگۆكردن لەسەر خشتەكانی بودجەی گشتیى ئەنجامدەدات و دواتر رەوانەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەكرێت بۆ پەسەندکردنى.
مەزهەر محەمەد ساڵح، راوێژكاری دارایی محەمەد شیاع سودانی ئاماژەى بەوە کرد، بە پشتبەستن بە ماددەی 77ـی بودجەی سێ ساڵەی عێراق و بودجەی گشتیی ژمارە 13ـی ساڵی 2013، ئەمڕۆ یەكشەممە بۆ گفتوگۆكردن لەسەر پەسەندكردنی بودجە لە ئەنجوومەنی وەزیران كۆدەبنەوە و دوای پەسەندكردنی، رەوانەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەكرێت.
مەزهەر محەمەد ساڵح باسی لەوەشكرد، دوای ئەوەی تاوتوێی بودجە كرا و لەلایەن سەرۆكوەزیرانی عێراقەوە پەسەند كرا، راستەوخۆ رەوانەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەكرێت بەمەبەستی پەسەندكردن و جێبەجێكردنی.