کوردستان

مامۆستایانی ناڕازی رایانگەیاند، دادگای فیدراڵی لەبەرژەوەندی فەرمانبەران بڕیاریداوە

نهانیوز- هەواڵەکان

ئەمڕۆ 21ی شوباتی 2024، مامۆستایانی نارازی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایانگەیاند: "مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی چەندین ساڵە بەشێوەیەکی ئاشتیانە و سەردەمیانە بەردەوامن لە داواکردنی  مافەکانیان، بۆ ئەو مەبەستەش 83 جار خۆپیشاندانی بەردەوامیان لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەسەربەخۆکان ئەنجام داوە.
ئاماژە بەوەشکرا، رێگە نەدراوە هیچ حیزب و لایەنێکی سیاسی تێکەڵیان ببن و شەقام بۆ مەرامی سیاسی خۆیان بەکاربهێنن، داواکارییەکانیشیان ئاڕاستەی لایەنی پەیوەندیدارکرد، بەڵام نەک وەڵام نەدرانەوە بەڵکو تۆمەت و ناوزڕاندنیان خرایەپاڵ، پاش بێهیوابوونیان ناچاربوون لە دادگای باڵای فیدراڵی سکاڵا تۆماربکەن تاوەکو بەمافەکانیان بگەن، بۆ ئەوەش سەدان تۆمەتیان خرایەپاڵ و هەرجارە و بەپیاوی یەکێک لە سەرکردەکانی عێراق لە قەڵەمیان دەدان"
لە راگەیەندراوەکەدا باس لەوەشکرا، ئەمڕۆ دادگای فیدراڵی، حکومەتی عێراقی ناچارکرد راستەوخۆ مووچەی سەرجەم فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لەرێگەی بانکە عێراقییەکانەوە راستەوخۆ دابەشبکات و مووچەی سێ مانگی ساڵی رابردووشیان پێبدرێت، ئەوەش هیوا و رووناکی گەڕاندەوە بۆ هەمووان و راستەوخۆ دابەشکردنی مووچەی لە خەونەوە کردە راستی، نەهامەتی و ناخۆشی کۆتاییهات و مووچەخۆران شایەنی ژیانێکی شەرەفمەندانە و شکۆمەندن.
مامۆستایانی ناڕازی سوپاسی سەرجەم کەسایتی و ئەو پەرلەمانتارانەشیان کرد، کە هاوکارییان کردن هەروەها سوپاسی مامۆستایان و فەرمانبەرانیشیان کرد کە خۆڕاگربوون و بەشێوەیەکی سەردەمیانە گوزارشتیان لە ناڕاەزایەتییەکان کرد وێنایەکی جوانی ناڕەزایەتییان پیشانی ناوخۆ و دەرەوەدا، ئەم سەرکەوتنانەش بەرهەمی شەقام و ناڕەزایەتییەکان بووە.
لەکۆتایی کۆنفرانسە رۆژنامەوانییەکەدا، مامۆستایانی نارازی بەدابەشکردنی شیرینی و رشتنی بەفری شادی خۆشیەکانی خۆیان بەبڕیارەکانی دادگای باڵای فیدراڵی عێراق دەبڕی.

2024-02-21
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.