هەمەڕەنگ

بۆچی خه‌ون و كابووس ده‌بینین؟


به‌شێكی گرنگی ژیانی ئێمه‌ به‌خه‌و تێده‌په‌ڕێت و ده‌گوزه‌رێت. خه‌و و كابوسی شه‌وانی ئێمه‌ ئه‌زموونی تایبه‌ت و حاڵه‌تی تایبه‌تمان بۆ دروستده‌كات، جاری وا هه‌یه‌ ئه‌و كاریگه‌رییانه‌ی له‌خه‌و و كابووسدا به‌سه‌رماندا دێت، له‌كاتی ئاساییدا ئه‌زموونی ناكه‌ین. ئه‌مه‌ش وه‌ك ترس و نیگه‌رانی و توڕه‌بوون و دڵه‌ڕاوكێ و... هتد.

هه‌موو ئه‌مانه‌ خواست و وروژێنه‌رو هه‌سته‌ ئاساییه‌كانی ژیانی رۆژانه‌ن و چه‌سپێنراون و له‌خه‌ودا خۆیان ده‌رده‌خه‌نه‌وه‌. بۆیه‌ لێكدانه‌وه‌ی خه‌ونه‌كان له‌لایه‌ن پزیشك و زانایانی ده‌روونییه‌وه‌ كاتی خه‌و گرنگی تایبه‌تی هه‌یه‌.

پرۆفیسۆر سیگمۆند فرۆید به‌یه‌كێك له‌باشترین و دامه‌زرێنه‌ری ده‌روونشیكاری داده‌نرێت له‌مێژووی مرۆڤایه‌تیدا. فرۆید مێشكی مرۆڤی بۆ دوو به‌شی سه‌ره‌كی دابه‌شكردو سه‌لماندی: رۆژانه‌و له‌ژیانی خۆماندا، زۆر شت هه‌یه‌ كه‌ ده‌چه‌سپێنرێت و ده‌ڕواته‌ به‌شێكی مێشكه‌وه‌ كه‌ به‌نائاگایی ناوی بردووه‌، ئه‌م به‌شه‌ گه‌وره‌ترین به‌شی مێشك و ده‌روونه‌. ئه‌وه‌ی له‌بیرماندا ده‌مێنێته‌وه‌و رۆژانه‌ ره‌فتاری پێده‌كه‌ین، بریتییه‌ له‌ئاگایی، كه‌ به‌شێكی بچووكی مێشكه‌!

واته‌ به‌هیچ شێوه‌یه‌ك خه‌ون بینین په‌یوه‌ندی به‌داهاتووه‌وه‌ نییه‌، به‌ڵكو رووداوه‌كانی رابردوون و له‌خه‌ودا دێته‌وه‌ به‌رچاومان. واته‌ لێكدانه‌وه‌ی خه‌و بۆ داهاتوو، كه‌ ببێته‌ هۆی روودانی شتێك ئه‌سڵه‌ن هیچ بنه‌مایه‌كی زانستی و حه‌قیقی نییه‌.

له‌كاتی خه‌ودا، به‌شێك له‌و شتانه‌ی كه‌ رۆژانه‌و له‌ژیانی خۆماندا، هه‌ر له‌منداڵییه‌وه‌ تائێستا چه‌سپێنراون، له‌خه‌ودا دێته‌وه‌ به‌رچامان. واته‌ له‌نائاگاییه‌وه‌ دێته‌ ئاگاییه‌وه‌و له‌خه‌ودا ده‌یبینین.

2020-10-15
زیاتر...