هەمەڕەنگ

10 قسە حەز دەکرێت، لێت ببیسترێت


قسه‌ خه‌ڵكی پێ بریندار و پێ دڵخۆشیش ده‌كرێت، هه‌ندێك قسه‌ له‌ خۆشه‌ویستی و هۆگربوون و نه‌ریتی فه‌رمیدا ده‌كرێت كه‌ كه‌سی به‌رامبه‌ر زۆر پێی خۆشه‌ و حه‌ز ده‌كه‌ن پێیان بوترێت یان گوێبیستی بن.

توێژینه‌وه‌یه‌كی زانكۆی هارڤارد باسی له‌و قسه‌ ئه‌رێنی و وشه‌ جوانانه‌ كردووه‌ كه‌ له‌ڕووی زانستییه‌وه‌ ئه‌گه‌ر به‌ كه‌سێك بووترێت، ده‌بێته‌هۆی ده‌ردانی مادده‌ی كیمیایی ئۆكسیتۆسین، ئه‌م مادده‌یه‌ ئاسووده‌یی به‌ مێشك و ده‌روون ده‌دات و وا له‌ مێشك ده‌كات سۆز و میهره‌بانیی زیاتر ده‌ربڕێت.

دیارترینی ئه‌و 10 قسه‌یه‌ی كه‌ مرۆڤ پێی خۆشه‌ پێی بووترێت:

1- "له‌بیرمدا بوویت، بیرم له‌ تۆ ئه‌كرده‌وه‌"، ئه‌گه‌ر ئه‌و كه‌سه‌ ته‌له‌فۆنی بۆكردی دوودڵ مه‌به‌ له‌وه‌ی پێی بڵێیت "زۆر خۆشحاڵم به‌ ته‌له‌فۆنه‌كه‌ت، به‌ڕاستی له‌ بیرمدا بوویت".

2- "تۆ ڕات چییه‌، تۆ ده‌ڵێیت چی"، ئه‌گه‌ر باسی شتێكت بۆ یه‌كێك كرد و ئه‌ویش به‌لایه‌وه‌ گرنگ بوو رای ئه‌ویش وه‌ربگره‌، ئه‌مه‌ دڵی ئه‌ویش خۆش ده‌كات كه‌ ده‌ته‌وێت ئه‌ویش رای خۆی له‌سه‌ر بابه‌ته‌كه‌ بدات.

3- "شتی نوێت لێوه‌ فێر بووم"، ئاسایی بێت به‌لاته‌وه‌ به‌ كه‌سێك بڵێیت "هه‌موو رۆژێك شتێكی تازه‌ت لێ فێر ده‌بم" ئه‌وكاته‌ ئه‌وانیش هه‌ست به‌ سه‌ركه‌وتوویی خۆیان ده‌كه‌ن.

4- "دوایین جار كه‌ قسه‌مان كرد، تۆ وتت..." باشترین رێگایه‌ بۆ ئه‌وه‌ی بۆ كه‌سه‌كه‌ی ده‌رخه‌یت كه‌ قسه‌كانی جێگه‌ی بایه‌خ بوون و له‌ گفتوگۆیه‌كدا قسه‌كانی پێشووی بڵێیته‌وه‌.

5- "گوێم له‌ ئامۆژگارییه‌كه‌ت گرت و به‌قسه‌م كردی"، ئه‌وكاته‌ ئه‌ویش هه‌ست به‌وه‌ ده‌كات كه‌ هۆكارێك بووه‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌یه‌ك و له‌خۆی رازی ده‌بێت.

6- "بیرم ده‌كردی"، كه‌ كه‌سێك مۆبایله‌ داخراوه‌كه‌ی ده‌كاته‌وه‌ یان ته‌ماشای ئیمه‌یڵه‌كه‌ی ده‌كات و نامه‌كه‌ی تۆی بۆ دێت نووسراوه‌ "بیرم ده‌كردی" ده‌گه‌شێته‌وه‌ و هاوڕێیه‌تی و دۆستایه‌تی نوێ ده‌بێته‌وه‌.

7- "ئه‌م شته‌ی تۆم به‌دڵه‌"، هه‌موو كه‌سێك سیفه‌تێكی جوانی تێدایه‌ و ئه‌گه‌ر پێی بوترێت ره‌فتارێك یان قسه‌یه‌كی زۆر جوانه‌ و خه‌ڵك به‌دڵیه‌تی، ئه‌مه‌ وا ده‌كات په‌یوه‌ندیی نێوان دوو كه‌سه‌كه‌ پته‌وتر و قووڵتر بێته‌وه‌.

8- "سه‌رسامم به‌ گوڕوتینه‌كه‌ت، تۆ وزه‌یه‌كی زۆرت هه‌یه‌، كه‌ كات له‌گه‌ڵ تۆ ده‌به‌مه‌ سه‌ر هه‌ست به‌ باشی ده‌كه‌م"، ئه‌مانه‌ هه‌موو كه‌سی به‌رامبه‌ر به‌هێزتر ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی گه‌رموگوڕتر بێت.

9- "كه‌ ئه‌مه‌م بینی تۆم بیركه‌وته‌وه‌"، ره‌نگه‌ 10 چركه‌ نه‌خایه‌نێت ئه‌م قسه‌یه‌ به‌ هاوڕێكه‌ت بڵێیت، به‌تایبه‌ت كه‌ شتێك ده‌خوێنیته‌وه‌ یان شتێكی دیكه‌ ده‌بینیت.

10- "سوپاس بۆ بژارده‌كه‌ت ئه‌مه‌ زۆر جوانه‌، ماوه‌یه‌كی زۆره‌ نه‌مبینیویت، ئێستا زۆر جوانتر بووت، سوپاس بۆ ئه‌وه‌ی كه‌ باشیت له‌گه‌ڵ من"، به‌م قسانه‌ خه‌ڵك له‌خۆشیدا ده‌فڕن.

2020-07-31
زیاتر...