ئێستا گەیشت.. ئاواتی شێخ جەناب سوربوونی خۆی لەسەر وازهێنان لە پۆستی وەزارەتی دارای و حزبەکەی راگەیاند
نها نیوز - هەواڵەکان
وتەبێژی وەزارەتی دارایی حکومەتی کاربەڕێکەر رایدەگەیەنێت، ئاوات شێخ جەناب سورە لەسەر دەستلەکارکێشانەوەی لە حزب و لە وەزارەتییش. دەشڵێت " پۆستەکە دەدات بە کەسێکی هەمان بزووتنەوەکەی".
هونەر جەمال، وتەبێژی وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێمی کوردستان بە دەنگی ئەمەریکا دەڵێت "کاک ئاوات لەماوەی ئەم چەند ساڵەدا سێ جار بە فەرمی دەستلەکارکێشانەوەی خۆی پێشکەشکردووە، دوایەمین جار لەمانگی یەکی 2023 بووە، نەمبیستوە لەماوەی ئەو ساڵ و نیوەدا لەو هەڵوێستەی پەشیمان بوبێتەوە و تائێستا لەسەر ئەو بڕیارەی خۆی سورە کە دەستلەکارکێشانەوەکەی قبوڵ بکرێت.
هونەر جەمال ئاماژەی بەوەشکرد "داوای لەدەستلەکارکێشانەوەکەی هەم لە بزوتنەوەی گۆڕان و هەم لە حکومەتیشە، هۆکارەکەشی دەتوانن لەخۆی بپرسن لەوانەیە بەدەقیقی وەڵامی ئەو پرسیارەم لانەبێت.
لەبارەی پڕکردنەوەی پێگەی وەزارەتەکە کە لە پشکی گۆڕانە وتەبێژی وەزارەت وتیشی "وەزیر داوای پڕکردنەوەی پۆستەکەی بە کەسێکی تر لە بزوتنەوەکە کردووە.
ناوبراو جەختیشیکردەوە "گومانی تێدا نییە پۆستەکەی پشکی گۆڕانە بۆیە داوایکردووە لەگەڵ پەسەندکردنی دەستلەکارکێشانەوەکەی کەسێک دابنرێت و بخرێتە جێگاکەی و بەرپرسیارێتییەکەی ڕادەستبکاتەوە بە بزوتنەوەکە.
ئاواتی شێخ جەناب لە پێکهێنانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2019 بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی بزوتنەوەی گۆڕان چوار وەزارەتی وەرگرتووە کە پێکهاتون لە وەزارەتەکانی دارایی، کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، بازرگانی و وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە.
|