سودانى سكاڵایهك دهباته دادگاى فیدراڵى
بەهۆی بەڕێوەبردنی پۆستەکان بە وەکالەت، محهمهد شیاع سودانى سهرۆك وهزیران، سکاڵا لە دژی پەرلەمانى عێراق تۆمار دەکات، به پێى خشتهكانى دانیشتنى دادگاى باڵاى فیدراڵى عێراقیش سكاڵاكهى سودانى 24ى ئهم مانگه كۆبوونهوهى تایبهتى له بارهوه دهكرێت.
به پێى چهند زانیارییهك، دوای كۆتاییهاتنى پشووهكانى جەژنی قوربان، دادگای باڵای فیدراڵی تاووتوێی سکاڵایەکی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە دژی سەرۆکی پەرلەمان دەکات کە تێیدا داوایکردووە مادەی 71ی یاسای بودجە پەیوەست بە بەڕێوەبردنی پۆستەکان بە وەکالەت هەڵبوەشێندرێتەوە.
ههروهك بە پێى خشتەی کۆبوونەوەکان، بڕیاروایه دادگای فیدراڵی رۆژی 24ی ئەم مانگە تاووتوێی سکاڵایەکى تایبهت بکات كه لەلایەن محەممەد شیاع سوودانی سەرۆک وەزیرانی عێراقهوه لە دژی مادەی 71ی یاسای بودجەی 2023ی عێراق و لە دژی سەرۆکی پەرلەمان تۆماریکردووە.
لهو زانیاریانهى بڵاوكراونهتهوه ئاماژه بهوهكراوه، سوودانی لە سکاڵاکەیدا داوای هەڵوەشاندنەوەی ئەو مادەیەی کردووە و بە دادگای وتووە مادەکە بە نایاسایی بزانێت.
ئهمهش له كاتێكدایه، لە مادەی 71ی یاسای بودجەی گشتیی 2023، 2024 و 2025، پەرلەمانی عێراق حکومەتی پابەندکرد تاوەکو رۆژی 30ی تشرینی دووەمی ساڵی رابردوو، کۆتایی بە کاری بە وەکالەت سەرجەم بەڕێوەبەرەکان بهێنێت و پۆستەکان بە وەکالەت بەڕێوەنەبرێن، حکومەتیشی پابەندکرد سەرجەم دەرماڵەکانی دارایی و دەسەڵاتە کارگێڕییەکان رابگیرێت، ئەگەر دوای ئەوکاتە بەردەوامبێت.
بە پێی مادەکە دەبێت حکومەت مانگێک پێشتر ناوی ئەوکەسانەی دەکرێن بە سەرۆکی دەستە سەربەخۆکان و پلەکانی تایبەت و بریکارانی وەزارەت و راوێژکاران رەوانە بکرێن و ئەنجوومەنی نوێنەران لە ماوەی مانگێکدا پەسندیان بکات.
لهو رووهوه سوعاد مالیکی ئەندامی لیژنەی پلانی ستراتیژیی پەرلەمانی عێراق ئاشكرایكردووه، "یاسای بودجەی گشتیی حکومەتی بە لابردنی بەڕێوەبەرانی گشتی بە وەکالەتی کۆتایی پێهێناوە، بەڵام حکومەت نایەوێت ئەو کارە بکات، دەبێت پۆستەکان بەڕێوەبەرانی گشتیی رەسەن بەڕێوەیان ببەن."
ههروهك ئهوهش ئاشكراكراوه، محهمهد شیاع سودانى داوایکردووە، ماوەی دوو ساڵی پێبدرێت بۆ ئەوەی سەرجەم بەڕێوەبەران و پۆستە بە وەکالەتەکان پڕبکرێنەوە.
لە عێراق زیاتر لە دوو هەزار پۆست بە وەکالەت بەڕێوەدەبرێن، بەشی زۆریان بەڕێوەبەرانی گشتیین، هەرچەند لە مانگی ئایاری 2023، محەممەد شیاع سوودانی 57 بەڕێوەبەری گشتیی لەسەر کار لابرد، بەشێکیان بەوەکالەت پۆستەکانیان بەڕێوەدەبرد.
|