عێڕاق

سیاسەتمەدارێکی عێراقی: سودانی شوێن بە مالیکی لەق دەکات و کۆتایی نزیکە

نها نیوز – هەواڵەکان

گەورە ڕاوێژکاری پێشووی جەلال تاڵەبانی (مام جەلال) ئاشکرای دەکات، مالیکی و شیعەکان ترسیان هەیە لە هەڵکشانی پێگەی جەماوەریی محەمەد شیاع سودانی و گورزی کەمەر شکێنی لێدەدەن و دەڵین "شەش مانگ بەر لە هەڵبژاردن دەبێت سودانی دەست لەکار بکێشێتەوە".

فەخری کەریم، سیاسەتمەداری عێراقیی و راوێژکاری مام جەلال سەرۆک کۆماری پێشوتری عێراق لەمیانی چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ رۆژنامەی شەرقولئەوسەت کە باس لە هەژموونی چوارچێوەی هەماهەنگی نوری مالیکی سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا بەسەر حکومەتەکەی محمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیران دەکات.

لەوبارەیەوە راوێژکارەکەی مام جەلال دەڵێت "ئەرکەکانی سەرۆک وەزیرانی ئێستا بەرەو قورسی دەچن، هەرچەندە نیازی باشی هەیە و دەیەوێت هەموو کارنامە حکومییەکەی جێبەجێ بکات، بەڵام بە پەرژینێک لە گوشار دەورەدراوە.

فەخری کەریم لە چاوپێکەوتنەکەیدا ئەوەش رون دەکاتەوە "ئەو هێزانەی کە چوارچێوەی شیعە یاخود چوارچێوەی هەماهەنگییان پێکهێناوە، فەرمانڕەوای ڕاستەقینەن و حکومەتیش ناتوانێت لەو ڕێڕەوە لابدات کە چوارچێوەی هەماهەنگی بۆی داناوە.

هاوکات ناوبراو ئەوەش بەبیردەهێنیتەوە کە یەکێک لە سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی "قسەیەکی بێزارکەر و جێی داخ"ی کردووە کاتێک دەربارەی ڕۆڵی سەرۆک وەزیران پرسیاری لێکراوە و لە وەڵامدا وتوویەتی "سەرۆک وەزیران بەلای ئێمەوە لە بابەتە ستراتیژی و سەرەکییەکاندا تەنها بەڕێوەبەرێکی گشتییە، بەڵام لە کاروبارەکانی ڕۆژانەی بەڕێوەبردنی دەوڵەتدا سەرۆک وەزیرانە".

راوێژکارەکەی مام جەلال مەترسی پێگەی سودانی لەسەر مالیکی و شیعەکان ئاشکرا دەکات و دەڵێت "لایەنە شیعەکان مەترسییان هەیە لە هەڵکشانی پێگەی محەمەد شیاع سودانی، بۆیە داوای لێکراوە شەش مانگ بەر لە هەڵبژاردن دەستلەکاربکێشێتەوە ئەگەر بیەوێت بەشداری لە هەڵبژاردنەکاندا بکات".

وتیشی "مالیکی ترسی هەیە لەوەی سودانی سوود لە پێگە حکومەییەکەی وەربگرێت".

ئ.ز

 
2024-06-11
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.