هەمەڕەنگ

ڤیدیۆ.. جاڵجاڵۆکەیەک لە گوێچگەی ژنێکدا تەون دەچنێت!


جاڵجاڵۆکە بە جوڵە خێراکانی و شێوازە سەیرەکانی راوکردن بەناوبانگە، بۆ زۆربەی مرۆڤەکانیش مایەی ترس و دڵەڕاوکێن، بەڵام لە حاڵەتی ژنێکی بەتەمەندا لەوە دەرچووە تەنیا ترسێک بێت لەدڵیدا، بەڵکو بەتەواوی چووەتە ناو گوێچکەی و سەرقاڵی چنینی تەون بووە.

بەپێی هەواڵێکی ماڵپەڕی "Times of Now" ڤیدیۆکە لە نەخۆشخانەی میانیانگ  لە پارێزگای سیشوانی چین تۆمارکراوە، دوای ئەوەی ژنەکە لەبەر ئازاری گوێچکەی سەردانی پزیشک دەکات، سەرنجدەدن کە تۆپەڵێک دەزوو لە گوێچکەیدایە، بۆیە دەستبەجێ داوادەکەن پشکینینی وردی گوێچکەی بۆ بکرێت.

لە ڤیدیۆکەدا دەردەکەوێت کە جاڵجاڵۆکەکە لە پشتەوە دێت و بە رووناکی دەستی پزیشکەکان دەشڵەژێت، یەکێک لە پزیشکەکان باس لەوە دەکات کە ناچاربوون لەڕێگەی بەکارهێنانی دڵۆپی گوێچکەوە جاڵجاڵۆکەکە سڕبکەن و دواتر دەریبهێنن.

ئاماژە بەوەش دراوە، جاڵجاڵۆکەکە نزیکەی هەفتەیەک لە گوێچکەی ژنەکەدا، کە نەویستراوە ناوی ئاشکرا بکرێت، ماوەتەوە.

2020-05-18
زیاتر...