کوردستان

په‌یامێكى به‌په‌له‌ له‌ هه‌ولێره‌وه‌ ئاراسته‌ى به‌غدا ده‌كرێت

نها نیوز ـ هه‌واڵه‌كان

سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێمى كوردستان په‌یامێك ئاراسته‌ى به‌غدا ده‌كات و وته‌بێژى سه‌رۆكایه‌تیه‌كه‌ش ده‌ڵێت:"بۆ هه‌ڵبژاردنى خولى شه‌شه‌مى په‌رله‌مانى كوردستان، ئێستا تۆپ له‌ گۆڕه‌پانى كۆمسیۆنه‌كه‌ى عێراقدایه‌".

دڵشاد شه‌هاب وته‌بێژی سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێم رایگه‌یاند:"بۆ بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەبێت کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق، وەڵامی داواکاریی لایەنە سیاسییەکان بە دەستەی دادوەری بداتەوە، بۆ ئەوەی دەستەکە بڕیاری یەکلاکەرەوە بدات".

وتیشى:"بڕیارێک دەرچووە لە دەستەی دادوەری بۆ پێداچوونەوە بە کارە یاساییەکان و ئەو داواکارییەی لایەنە سیاسییەکان پێشکەشیانکردووە بۆ ئەوەی پێداچوونەوەیەک بە پلانی کۆمسیۆندا بکرێت بۆ بەڕێوەبردنی پرۆسەی هەڵبژاردن".

وته‌بێژى سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێم جه‌ختیكرده‌وه‌، "پێشبینیدەکرێت لەم ڕۆژانەدا کۆمسیۆنی باڵاى هەڵبژاردنەکانی عێراق پێداچوونەوە بە کار و پلانەکانیدا بکات، ئێمەش لە سەرۆکایەتیی هەرێم چاوەڕوانی هەنگاوەکانی کۆمسیۆن دەکەین، چونکە کۆمسیۆن تائێستاش پابەندە بەو کات و وادەیەی بۆى دەستنیشانکراوە، ئەگەر نەتوانێت بە گوێرەی بڕیاری دەستەی دادوەری لەو وادەیەی بۆی دیاریکراوە پرۆسەکە بەڕێوەببات، دەبێت سەرۆکایەتیی هەرێم ئاگاداربکاتەوە".

له‌ باره‌ى بڕیاری دادگا بۆ دانانی پێنج کورسی بۆ پێکهاتەکان، وتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێم وتى:"ئێمە هەر لە بنەڕەتەوە لەگەڵ ئەوە نەبووین پێکهاتەکانی کوردستان بکرێتە قوربانیی ململانێی سیاسی یان پرسێکی یاسایی، ئێستا پێکهاتەکان خۆیان دەبێت بڕیار لە سەر مافەکانیان بدەن، بەڵام بە حاڵەتێکی ئەرێنی دەبینین بۆ ئەوەی بەلایەنی کەمەوە ئەو بەشدارییە هەمەلایەنەی هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان بمێنێت باشترە".

سه‌باره‌ت به‌ کۆبوونەوەی سەرۆکایەتیی هەرێمیش لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان، دڵشاد شه‌هاب ئاماژه‌ى به‌وه‌دا:"بەردەوام لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان بۆ پرسی هەڵبژاردن کۆبوونەوە هەبووە و هەرکاتێکیش پێویست بکات کۆبوونەوی دیکە دەکرێت".

بۆ سه‌ردانه‌كه‌ى نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمیش بۆ ئەبوزەبی، دڵشاد شەهاب باسى له‌وه‌كرد، ئەجێندای سەردانەکەی بارزانى دیارنییە، بەڵام سەردانێکی فەرمیی و دیداری تایبەتی لەگەڵ بەرپرسانی باڵا دەبێت و پەیوەندییەکی توندوتۆڵ لە نێوان ئیمارات و هەرێمی کوردستان و عێراق هەیە.

پەرلەمانی عێراق دوێنێ چواشەممە لە کۆبوونەوەی ژمارەی 26ی خولی پێنجەمی وەرزی یەکەمی سێیەم ساڵی یاسادانانی بە دەنگی زۆرینەی پەرلەمانتاران پرۆژە یاسای دووەم هەمواری یاسای ژمارە 31ی دەرچووی ساڵی 2019ی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراقی پەسەندکرد و تەمەنی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراقی بۆ شەش مانگ درێژکردەوە کە بەگوێرەی یاسا 7ی تەمموزی ئەمساڵ، تەمەنی کارکردنی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق کۆتایی پێدەهات.

2024-05-23
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.