وەرزش

ئەمریکا سەرکردەیەکی فەیلەقی قودسی ئێرانی سزادا

نها نیوز - هەواڵەکان

ئەمریکا و بەریتانیا بەهاوبەشی سزای لێپرسراوانی سوپای پاسدارانی ئێران و حوسییەکانی یەمەنیاندا.

وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا لە لاپەڕەی فەرمی خۆی نوسراوێکی بڵاوکردەوەو تیایدا هاتووە "بەهاوبەشی لەگەڵ بەریتانیا، سزای ئیبراهیم نەشیری، لە گرووپی حوسییەکانی یەمەن و محەمەد رەزا فەلاحزادە، جێگری سەرۆکی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێرانمان داوە، کە لە شەری ناوخۆیی سوریا بەشداریکردووە و زیانی زۆری بە هاوڵاتییانی سڤیل بەو وڵاتە گەیاندووە".

پەیوەست بە سزاکانەوە، کۆمپانیای ئارتورا دەگرێتەوە کە بارەگاکەی لە هۆنگ کۆنگە، بەهۆی ئەوەی کەلوپەلی ئێرانی بۆ حوسییەکانی یەمەن گواستووەتەوە.

لەوبارەیەشەوە حکومەتی بەریتانیا لە یاداشتێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، پێنج ریزبەندیی نوێی زیادکردووە بۆ سزاکانی سەر ئێران و یەک سزاش بۆ حوسییەکانی یەمەن.

لای خۆشیەوە بریان نیلسن، بریکاری وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا بۆ کاروباری تیرۆر و هەواڵگیریی دارایی لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردووەتەوە، رێوشوێنەکانی ئەمڕۆی وەزارەتی گەنجینە، کردنە ئامانجی هەوڵەکانی فەیلەقی قودسی ئێران و حوسییەکانە، کە دەیانویست لە گەمارۆکان خۆیان قوتار بکەن، بە ئامانجی هێرشی زیاتر لە ناوچەکە.

دەشڵێت "حوسییەکان بەردەوامن لە دروستکردنی مەترسی لەسەر کەرتی بازرگانیی نێودەوڵەتی، واشنتن و لەندەنیش بەردەوامدەبن لە هەوڵەکانیان بۆ پەکخستنی گەیشتنی کۆمەکی دارایی پێیان، کە لە دروستکردنی نائارامی لە ناوچەکەدا بەکاریدەهێنن".

سزا نوێیەکانی ئەمریکا و بەریتانیا لەکاتێکدایە، لە ناوەڕاستی ئەم مانگەدا، بەهۆی بەردەوامیی هەوڵەکانیان بۆ پەکخستنی جموجۆڵی چالاکیی دەریاوانی لەدەریای سوور و ئەنجامدانی هێرش بۆسەر کەشتییە بازرگانییەکان، جارێکی دیکە واشنتن گرووپی حوسییەکانی لە یەمەن خستەوە لیستی تیرۆر و وەک "رێکخراوێکی تیرۆریستی" ناساندنی.

ئ.ز

2024-02-27
زیاتر...