کوردستان

ئەمریكا: كاری هاوبەشمان لەگەڵ هەرێم بەردەوام دەبێت

 نها نیوز-هەواڵەکان

وەزیری دەرەوەی ئەمریكا رایگەیاند: واشنتۆن سوورە لەسەر درێژەپێدان و بەردەوامیدان بە هاوبەشی لەگەڵ هەرێمی كوردستان. 

نوسینگەی ئەنتۆنی بلینكن، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا راگەیەندراوێكی لەبارەی كۆبوونەوەی بلینكن لەگەڵ مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی  كاربەڕێكەری هەرێم بڵاوكردوەتەوەو رایگەیاند "ئەمریكا هاوبەشییەكی دوورودرێژی لەگەڵ هەرێمی كوردستان هەیە ئەوەش لەسەر بەهای و بەرژەوەندی و قوربانیدان و مێژووی هاوبەش بنیاتنراوە".

بلینكن وتویەتی، "واشنتۆن سوورە لەسەر درێژەپێدان و بەردەوامیدان بە هاوبەشی لەگەڵ هەرێمی كوردستان و خۆشی وەك وەزیری دەرەوە چەندین ساڵە لەو بوارە كاردەكات و گرنگی زۆری پێدەداو پەیوەندییەكانی ئەمریكاش بۆ پشتیوانی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەڕێژەی 360 پلە بەردەوام دەبێت" نوسینگەی وەزیری دەرەوەی ئەمریكا وا دەڵێت. 

راگەیەنراوەكە ئەوەشی تێدا هاتووە "مەسرور بارزانی رایگەیاندوە، هەرێمی كوردستان بە شانازییەوە خۆی بە هاوبەشی ئەمریكا دەزانێت و لەو روانگەیەشەوە بەیەكەوە قۆناغی سەختیان بڕیوەو سوپاسگوزارەو پێزانینی خۆی بەرامبەر بە پاڵپشتییەكانی ئەمریكا دەردەبڕێت".

هەر بەپێی راگەیەنراوەكە "سەرۆكی حكومەتی كاربەڕێكەری هەرێم باسی ئەوەشی بۆ بلینكن كردوە كە هەرێمی كوردستان رووبەڕووی ئاڵنگاری زۆر بووەتەوەو لە كۆبوونەوەیاندا لەگەڵ بەرپرسانی ئەمریكا مەبەستیانە گفتوگۆ لەو بارەیەوەو لەبارەی بەرەوپێشچوونەكانی عێراق و ناوچەكە و پەیوەندییە دووقۆڵییەكانی نێوانشیان بكەن".

شاندەكەی حكومەتی هەرێمی كوردستان پێكهاتبوون لە مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم، شۆرش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگە، سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە، بەیان سامی عەبدولرەحمان، راوێژكاری سەرۆك وەزیران و تریفە عەزیز، نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ئەمەریكا و چەند راوێژكارێكی دیكە.

شاندەكەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا پێكهاتبوون لە ئەنتۆنی بلیكن وەزیری دەرەوەی ئەمریكا، باربارا لیف یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمهریكا بۆ كاروباری رۆژهەڵاتی نزیك، ڤیكتۆریا تایلەر، جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریكا و چەند بەرپرسێكی دیكەی باڵای وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتە.

2024-02-26
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.