عێڕاق

ئێران دەستێوەردەدات لە کارەکانی عێراق و هەرێم، شارەزایەکی ستراتیژیش دەڵێت؛ ئێران ئارەزووی لە یاریکردنە لەسەر پەتەکان

نها نیوز – هەواڵەکان

دوای ئەوەی عێراق و ئێران 14 یاداشتی لێکتێگەیشتنیان مۆرکرد، تیایدا ئێران پشتیوانی ناوەند دەکات لە بەرەنگاربوونەوەی ئەمریکا لەو وڵاتە، سەرۆکی نێوەندی یەرموک بۆ توێژینەوە و پلانی ستراتیژی ئەمە بە مەترسی دەزانێت و دەڵێت "پێویستە رێگە نەدرێت بە هیچ دەستێوەردانێک، چونکە ئەو جۆرە دەستێوەردانانە کاریگەری نەرێنی لەسەر پەیوەندییەکان و سیاسەتی دەرەوەییش لەگەڵ وڵاتانی دیکە و داهاتووی عێراق دەبێت".

مەسعود پزیشکیان، سەرۆکی نوێی کۆماری ئیسلامی ئێران رۆژی چوارشەممە بە سەرۆکایەتی شاندێکی باڵای وڵاتەکەی گەیشتە بەغدا و لەوێش ژمارەیەک کۆبوونەوەی هەبووە لەگەڵ گەورە کاربەدەستانی عێراقیدا. دواتر سەرۆکی ئێران سەردانی هەرێمی کوردستانی کرد و لە هەولێر و لە سلێمانیش کۆبوونەوەی هەبووە.

لەو سەردانەدا عێراق و ئێران 14 یاداشتی لێکتێگەیشتن مۆردەکەن، کە هاوکاتی یەکەم سەردانی سەرۆکی ئێرانە بۆ بەغدا. هەروەها کۆماری ئیسلامی پشتیوانکارێکی سەرسەختی پڕۆژەی هەندێک لەلایەنە سیاسییەکانی فەرمانڕەوای عێراق بووە بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەمەریکا لە عێراقدا.

د. عەمار ئەلعەزاوی، سەرۆکی نێوەندی یەرموک بۆ توێژینەوە و پلانی ستراتیژی سەبارەت بە دەستێوەردانەکانی ئێران لە عێراقدا دەڵێت "دەبێت حکومەتی عێراق و سەرکردایەتی لایەنە سیاسییەکان رۆڵی یەکلاکەرەوەیان هەبێت و رێگەش نەدەن بە هیچ دەستێوەردانێک، چونکە ئەو جۆرە دەستێوەردانانە دەبنە مایەی کاریگەری نەرێنی لەسەر پەیوەندییەکان و سیاسەتی دەرەوەییش لەگەڵ وڵاتانی تردا و ڕەنگدانەوەیەکی نەرێنیشی دەبێت بەسەر ئێستای وڵات و بەسەر قۆناغەکانی داهاتووی عێراقیشەوە".

سەرچاوە هەواڵییەکان باسیان لەوەکردووە، کە یەکێک لە داواکانی پزیشکیان لە محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق ئەوەبووە، حکومەتی بەغدا رۆڵی نێوەندگێڕ ببینێت لەنێوان تاران و واشنتۆندا بۆ سەرلەنوێ دەستپێکردنەوەی دانوستاندنە ناوکییەکانی نێوان ئێران و ئەمەریکا. دواترین خولی دانوستاندنەکانی ڤیەننا لەسەر پرسی ناوکی ئێران گەیشتە بنبەست.

لەوبارەیەوە د. ئەلعەزاوی ئاشکرای دەکات "ئێرانییەکان بەبایەخەوە دەڕواننە دەستپێکردنەوەی دانوستاندنە ناوکییەکە و ئەوەی کە دەشیانەوێت عێراق رۆڵی هەبێت، جۆرێکە لە جۆرەکانی سیاسەتکردن و دەشیانەوێت ئەو دانوستاندنانە دەستپێکەنەوە لەکاتێکدا کە ئەمەریکا زۆر باش دەزانێت بەرژەوەندییەکانی خۆی چیین و چیی دەوێت و باشیش دەزانێت بەرژەوەندییەکانی خۆی لە کوێدان و بڕیاردەریشە لەوەی مانۆڕە سیاسییەکانی لە کوێدا دەکات و هەرچی ئێرانییەکانیشن دەیانەوێت و پێشدەچێت لە هەوڵدابن تا دەروازەی ئەو دانوستاندنانە لەڕێی عێراقەوە بکاتەوە".

هاوکات ئێرانییەکان کەناڵی تریشیان بەکارهێناوە بۆ دەستپێکردنەوەی ئەو دانوستاندنانە و زۆرێکیش لە شیکەرەوە لەو بڕوایەدان ئەو هەوڵانەی تاران پەیوەندییان هەیە بەو نیگەرانییەی لەناو جومگەکانی دەسەڵاتدارێتی ئێراندا هەیە لە پەیوەندی بە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمەریکا و ئەگەری سەرکەوتنی دۆناڵد ترامپ لە هەڵبژاردنەکەی مانگی یازدەی داهاتووی ئەمەریکادا.

سەرۆکی نێوەندی یەرموک بۆ توێژینەوە و پلانی ستراتیژی ئاماژە دەکات بە هەبوونی گۆڕانکاری لەو جۆرە هەڵوێستەی ئێرانییەکاندا و رایدەگەیەنێت "لەم ماوانەی پێشوودا، رێبەرانی سیاسی هەرێمی کوردستان سەردانی تارانیان کردووە و ئەو سەردانانە ژینگە سیاسییەکەی خۆشکردووە و لەوانەیشە هاوکێشە سیاسییەکانیشی گۆڕیبن و دەشزانین هەمیشە لە سیاسەتەکاندا گۆڕانکاریی روودەدەن و بەرژەوەندییەکان دەبنە بڕیاردەر و ئەم سەردانەی سەرۆکی ئێران ئاماژەیە بە هەڵدانەوەی لاپەڕەیەکی نوێ، هەم بۆ عێراق و هەمیش بۆ هەرێمی کوردستان لە پەیوەندییەکانیاندا لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێراندا".

جێی ئاماژەیە، لە هەولێر و لە سلێمانیش، پەیمان دراوە بە سەرۆکی ئێران کە رێگە نەدرێت خاکی هەرێم بەکاربهێنرێت بۆ هیچ هێرشکردنێک بۆسەر ئێران، بەڵام باس لە، ئەگەری درێژەپێدانی هێرشەکانی ئێران نەکراوە بۆ سەر خاکی هەرێم.

د.عەمار ئەلعەزاوی، هاوڕایە لەگەڵ زۆرێک لە شیکەرەوە سیاسییەکاندا و دەڵێت "ئێرانییەکان هەمیشە دۆسێکانی مەبەستیانە بە کراوەیی دەیانهێڵنەوە لەسەر مێزەکانی دانوستاندن و ناشیانەوێت ئەو دۆسێیانە لە سەدا سەد یەکلا بکرێنەوە، چونکە تاران هەمیشە ئارەزووی لە مانۆڕی سیاسیی و یاریکردنە لەسەر پەتەکان لەو جموجۆڵە سیاسیانەی دەیانکات".
 
2024-09-13
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.