عێڕاق

سودانی بەمنزیکانە گۆڕانکارییە گەورەکە دەکات

نها نیوز - هەواڵەکان

بڕیارە بەمنزیكانە سەرۆك وەزیرانی عێراق گۆڕانكاریی وەزاریی بخاتە بەردەم پەرلەمانی وڵاتەکەی، لەبارەی هۆکاری ئەنجامنەدانی ئەو گۆڕانکارییەش، پەرلەمانتارێك دەیگەڕێنێتەوە بۆ  ئەو بارودۆخەی کە وڵاتەکە پێیدا تێپەڕی.

محەمەد بەلداوی، جێگری سەرۆكی لیژنەی پلاندانانی ستراتیژی و خزمەتگوزاری لە پەرلەمانی عێراق وتی "پشتیوانی نیازەکەی حكومەتین سەبارەت بە گۆڕانكاریی وەزاریی كە بڕیارە لە چەند رۆژی داهاتوودا سودانی رەوانەی ئەنجومەنی نوێنەرانی بكات".

وتیشی "بابەتی گۆڕانكارییە وەزارییەكان رێككەوتنی نێوان سەرۆك وەزیران و لایەنە سیاسییەكانە، محەمەد شیاع سودانیش رەزامەندی لەوبارەیەوە نیشانداوە و پێویستە هەڵسەنگاندنی بەڕێوەبەرە گشتیەكان و بریكاری وەزیرەكانیش بەردەوام بێت".

پەیوەست بە هۆکاری ئەنجامنەدانی گۆڕانكاریی وەزاریی لەساڵی یەكەمدا، بەلداوی ئاشکرای دەکات "بەهۆی ئەو بارودۆخەی وڵات پێیدا تێپەڕیوە گۆڕانكارییەكە نەكراوە، ئێستاش سەرۆك وەزیران لەگەڵ چوارچێوەی هەماهەنگی و هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت لەبارەی ئەو پرسەوە رێككەوتووە".

جێی ئاماژەیە، محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق، پێشتر لە وتارێكدا رایگەیاندبوو، چاوەڕوانی یەكلاكردنەوەی پۆستی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی نوێنەرانە بۆ رەوانەكردنی گۆڕانكارییە وەزارییەكان بۆ ئەنجومەنەكە لەسەر بنەمای هەڵسەنگاندنی ئەدای وەزیرەكان لە رابردوودا.
2024-09-10
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.