عێڕاق

ئەمریکا و عێراق بە هاوبەشی دەیان چەکداری داعشیان کوشت

نها نیوز – هەواڵەکان
فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا رایگەیاند، لە ئۆپراسیۆنێکی هاوبەشی ئەمریکا و عێراق لە ئەنبار، 22 چەکداری داعشیان کوشتووە و بریندارکردووە.

فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا ناسراو بە "سێنتکۆم" رایگەیاند، لە چوارچێوەی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکانی ئەمریکا و عێراق، توانیویانە لە ئەنبار چالاکییەکی هاوبەش دژی داعش ئەنجام بدەن و لەئەنجامدا، 15 چەکدار بکوژن و حەوتی دیکەش بریندار بکەن.

بەپێی راگەیەندراوەکەی سێنتکۆم، لەماوەی ئۆپراسیۆنەکەدا، حەوت سەربازی ئەمریکا بریندار بوون، بەڵام وەک سێنتکۆم دەڵێت "تەندروستیی سەرجەم سەربازە ئەمریکییەکان جێگیرە".

هەر لە ڕاگەیەندراوەکەدا باس لەوە کراوە، چەکدارەکانی داعش، کۆمەڵێک چەکی قورسیان پێبووە و لە ئۆپراسیۆنەکەشدا، هیچ هاوڵاتییەکی سڤیل زیانی بەرنەکەوتووە.

ئەم ئۆپەراسیۆنە لەکاتێکدایە، چەند مانگێکە واشنتۆن و بەغدا، سەبارەت بە کەمکردنەوەی ژمارەی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق دانوستان دەکەن، بەبێ ئەوەی وادەیەکی فەرمی بۆ کۆتاییهێنان بە ئەرکەکەیان رابگەیەنن.

ئەمریکا نزیکەی 2500 سەربازی لە عێراق و نزیکەی 900 سەربازیشی لە سووریادا هەیە، ئەمەش لە چوارچێوەی ئەو هاوپەیمانییەی کە لە ساڵی 2014 بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش دایمەزراندووە.
 
2024-08-31
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.