عێڕاق

گرفت بۆ دابەشکردنی مووچە لە عێراق دروست دەبێت و دوادەکەوێت

نها نیوز - هەواڵەکان

سەبارەت بە دواکەوتنی مووچەی مانگی ئاب لە عێراق ئەندامێکی لیژنەی دارایی پەرلەمان رادەگەیەنێت، بەهۆی نەبوونی پارەی نەختینە مووچە دوادەکەوێت.

مستەفا گەرعاوی، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمان لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی شەفەق نیوز لەوبارەیەوە ئاشکرای دەکات "بەهۆی کەمی پارەی نەختینەی داراییەوە ئەگەری دواکەوتنی مووچەی فەرمانبەران هەیە".

گەرعاوی ئاماژە بەوەش دەکات “پێشتر بەشێک لە وەزارەت و فەرمانگەکان لە رۆژانی 16-18ی مانگ مووچەی فەرمانبەرانیان دەدا، بەڵام ئێستا تا 26 دوادەخرێت، ئەم دە رۆژە دواکەوتنە بەهۆی کێشەیەکەوەیە لە دابینکردنی پارەی نەختینەیی.

بەوتەی ئەندامەکەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، بەپێی دوایین کۆبوونەوەی لەگەڵ وەزیری دارایی، تەیف سامی، دووپاتی کردەوە کە مووچەی فەرمانبەران بیمەکراوە بۆ مانگی ئاب.

ئەوەش لەکاتێکدایە، لەچەند مانگی رابردوودا فەرمانبەران لە عێراق گلەیی ئەوەیان هەبووە مووچەکانیان تا کۆتایی مانگ دواکەوتووە، لەکاتێکدا لە 16 تا 26ی هەموو مانگێک مووچەکانیان وەردەگیرا.

 
2024-08-17
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.