عێڕاق

تورکیا هەڵوێستی خۆی بەرامبەر شیعەکان گۆڕی

نها نیوز – هەواڵەکان
لێکۆڵەرێکی سیاسیی نێودەوڵەتی رایدەگەیەنێت، تورکیا جاران مامەڵەی لەگەڵ هێزە شیعەکان نەدەکرد، بەڵام ئێستا هەڵوێستی گۆڕاوە و گفتوگۆیان لەگەڵدا دەکات.

کامەران عوسمان، ئەندامی تیمی عێراقی ڕێکخراوی سی پی تی-ی ئەمەریکی، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند "ڕۆژێک پێش سەردانی وەفدی باڵای عێراق بۆ تورکیا و ڕۆژی سەردانەکەش، تورکیا چیای شێخ ناسری لە سنوری چۆمان بە چڕی بۆردومانکردووە".

کامەران عوسمان دەشڵێت "عێراق و تورکیا سەرقاڵی گفتووگۆن بۆ درێژکردنەوەی وادەی ئۆپەراسیۆنەکانی ئەنقەرە، چونکە تورکیا دەیەوێت لە چیای مەتینەوە بۆ چیای گارە بپەڕێتەوەو ئەو چیایەش کۆنترۆڵ بکات".

لەلایەکی دیکەشەوە، دکتۆر سەردار عەزیز، لێکۆڵەری سیاسیی نێودەوڵەتی، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند "مادام دیدارو گفتووگۆ لە نێوان وەفدی عێراق و تورکیا بەردەوامیی هەیە، کەواتە پرۆسەکانی تورکیا بە ئاگاداری و ڕەزامەندیی عێراق بەڕێوەدەچن".

دەشڵێت "تورکیا دەیەوێت لە ڕێگەی ئۆپەراسیۆنەوە بەربەست لەبەردەم ڕێگەی گەشە نەهێڵێت، چیا سەختەکانی کوردستان کۆنترۆڵ بکات و ڕێگری بکات لە هاتووچۆی هێز لە نێوان قەندیل و ڕۆژاوا. تورکیا ئامانجی ئابووری و ئەمنی و سیاسیی هەیە لە هێرشەکانی".

ڕۆژی پێنجشەممە، 15ـی هەشتی 2024، شاندی باڵای عێراق، بە سەرۆکایەتی فواد حسێن، وەزیری دەرەوە سەردانی تورکیای کرد. هەریەک لە وەزیری بەرگری، سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی (شیعە)، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، سەرۆکی دەزگای هەواڵگری، سوپاسالاری عێراق و وەزیری ناوخۆی حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێمی کوردستان ئەندامی وەفدەکە بوون.

شاندی تورکیا بە سەرۆکایەتیی هاکان فیدان، وەزیری دەرەوە، بە ئەندامێتیی وەزیری بەرگری، سەرۆکی دەزگای میت، یاریدەدەری وەزیری ناوخۆ، لە باڵەخانەی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا لە ئەنقەرە لەگەڵ وەفدی باڵای عێراقدا کۆبوونەوە.

سەردانی شاندە باڵا عێراقییەکە بۆ تورکیا لەکاتێکدایە، تورکیا لە ڕۆژی 15ـی مانگی 6ـی 2024ـەوە، ئۆپەراسیۆنی سەربازیی زەمینیی نوێی لەناو خاکی هەرێمی کوردستان و بە پاساوی لێدان لە پەکەکە دەستپێکردووە، ئۆپەراسیۆنە نوێیەکە ناوچە سنورییەکانی هەرێمی گرتووەتەوە.

دکتۆر سەردار عەزیز دەڵێت "تورکیا جاران مامەڵەی لەگەڵ هێزە شیعەکان نەدەکرد، بەڵام ئێستا هەڵوێستی گۆڕاوە، چونکە بۆی دەرکەوت بە پشتبەستن بە کورد و سوننە و تورکمان لە عێراق هیچی پێ ناکرێت".
 
2024-08-17
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.