عێڕاق

پەرلەمانی عێراق دەنگی بە زیادكردنی مووچەی ئەم توێژەدا و لەبەرامبەردا کاردانەوەی قوڵی لێکەوتەوە

نها نیوز - هەواڵەکان

بەگوێرەی نوسراوێكی پەرلەمانی عێراق، لە دانیشتنی خۆیدا دەنگی لەسەر زیادكردنی موچەی پەرلەمانتاران و كارمەندانی پەرلەمان داوە، لەبەرامبەر ئەم کارەی پەرلەماندا کاردانەوەی لێدەکەوێتەوە.

دوێنێ 15ی ئاب، میدیا عێراقییەكان، نوسراوێكی پەرلەمانی عێراقییان بڵاوكردووەتەوە تیایدا هاتووە "پەرلەمانی عێراق لە دانیشتنی رۆژی چوارشەممەی رابردوو 7/8/2024، دەنگی داوە لەسەر بڕیارێك كە زیادكردنی مووچە و دەرماڵەی پەرلەمانتاران لەخۆدەگرێت بەشێوەیەك كە مووچە و دەرماڵەكانیان هاوتای مووچە و دەرماڵەی وەزیر بكرێت".

ئەوەش هاتووە "بڕیارەكە ئەوەش لەخۆدەگرێت كە دەرماڵەی مەترسی كارمەندانی پەرلەمان بەڕێژەی لەسەدا 30 موچە بنەڕەتییەكەیان زیاد دەكرێت".

لەوبارەیەوە سالم حەواس، شارەزای یاسایی وتی "دەنگدانی پەرلەمانی عێراق لەسەر زیادكردنی مووچە و دەرماڵەی ئەندامەكانی و هەروەها زیادكردنی دەرماڵەی مەترسی بۆ كارمەندەكانی، خیانەتە لەو گەلەی كە دەنگی پێداون و پێچەوانەی دەستور و یاساكانە".

ناوبراو ئەوەشی خستە روو "بەپێی پێناسەی یاساییەكەی، ئەندامی پەرلەمان لە پلەی بەڕێوەبەری گشتیدایە ئیدی چۆن مووچەكەی و دەرماڵەكەی وەكو مووچە و دەرماڵەی وەزیری لێدەكرێت بەپێچەوانەی یاساوە، ئەمە…خراپ بەكارهێنانی مافە".

حەواس رونیشی دەکاتەوە "ئەو بڕیارەی پەرلەمان پێچەوانەی ماددەی 16ی دەستورە و بڕیارەكەش لەكاتێكدایە كە زۆرێك لەو یاسا و بڕیارانەی كە لایەنی مرۆییان هەیە لەناو پەرلەمان پەكخراون لەوانەش یاسای پلە و خشتەكانی مووچەی فەرمانبەران".
2024-08-16
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.