عێڕاق

له‌سه‌رۆكایه‌تى كۆمارى عێراق چى روویداوه‌؟

شارپرێس:

سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق له‌ باره‌ى بڵاوبوونه‌وه‌ى هه‌واڵێك سه‌باره‌ت به‌ ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ى به‌ كۆمه‌ڵى راوێژكارانى كۆشكى سه‌رۆكایه‌تى هاته‌ده‌نگ و روونكردنه‌وه‌یه‌ك بڵاوده‌كاته‌وه‌.
 
سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق دوای ماوەیەکی کەم لە بڵاوبوونەوەی هەواڵی دەستلەکارکێشانەوەی راوێژکاری ئەمنی و پێنج شارەزای دیکەی سەرۆکایەتیی کۆمار، راگەیه‌ندراوێکی بڵاوکردەوە و ده‌ڵێت:"سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق بە تەواوەتی ئەو هەواڵانە رەتدەکاتەوە کە لە تۆڕەکانی سۆشیاڵ میدیا باسدەکرێن لەبارەی دەستلەکارکێشانەوەی ژمارەیەک راوێژکار لە سەرۆکایەتیی کۆمار، جەختدەکەینەوە هیچ دەستلەکارکێشانەوەیەک پێشکێشی سەرۆککۆمار نەکراوە".
 
له‌و راگه‌یه‌نراوه‌ى سەرۆکایەتیی کۆماری عێراقدا هاتووه‌، "لەوکاتەی جەختدەکەینەوە سەرۆکایەتیی کۆمار بەردەوامە لە کارەکانی بۆ خزمەتی هەموو عێراقییەکان و پاراستنی بەرژەوەندیی باڵای وڵات، دووپاتیدەکەینەوە سەرۆکایەتیی کۆمار بەردەوام دەبێت لە راوەدونانی یاساییانەی ئەو کەسانەی ئەو جۆرە هەواڵانە بڵاودەکەنەوە".
 
ئەمڕۆ لە ژمارەیەک وێبسایتی هەواڵیی عێراق و تۆڕەکانی سۆشیاڵ میدیا، هەواڵی دەستلەکارکێشانەوەی شەش راوێژکار و شارەزا لە لای سەرۆککۆمار بڵاوکرایەوە، هۆکارەکەشیان بەپێی یەکێک لەو سەرچاوانەی گوایە هەواڵەکەی بە میدیاکانی عێراق داوە، ناڕەزایەتی بووە لەو پارانەی سەرۆککۆمار عەبدولەتیف رەشید خەرجیان دەکات و "ئەو شڵەژانە کارگێڕی و یاساییەی لە سەرۆکایەتیی کۆماردا هەیە".

2024-06-27
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.