نها نیوز – هەواڵەکان
دوای ئەوەی ئهحمهد شهرع، وەک سهرۆكی كاتیی سووریا دەستنیشانکرا ئیدارهی خۆسهر لە ڕۆژئاوی کوردسان، ئاشکرایکردووە، هەر بڕیارێک لەدەرەوەی کۆنگرەی نەتەوەیی سووریادا ناتەواو و نایاساییە و دەڵێت، "دیمەشق دەبێت هەڵەکە ڕاست بکاتەوە".
ئیدارەی خۆسەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا له ڕاگهیهندراوێكدا باسی لهوهكردووه، کە هەر بڕیارێک لە دەرەوەی چوارچێوەی کۆنفرانسی نیشتمانی سووریا و بەبێ بەشداری هێزە سیاسی و شۆڕشگێڕی و جەماوەرییەکان بە ناتەواو و نایاسایی دادەنرێت.
هاوکات، زڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا، دەربارەی دانانی ئەحمەد شەرع، بە سەرۆکی نوێی سووریا دەڵێت: "ئێمە لە پرۆسەی دانانی ئەحمەد شەرع بە سەرۆکی قۆناغی ڕاگوزەر بەشدار نەبووین، هەربۆیە هیچ قسەیەک لەسەر ئەم بابەتە ناکەین".
ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەوان ڕەخنە لەو جۆرە کۆبوونەوانە دەگرن، بەتایبەتی کاتێک کەسانێک کە لە لیستی تیرۆردان و دەستیان لە خوێنی گەلی سووریادایە، وەک ئەحمەد ئیحسان فەیاز هایس (ئەبوو حاتم شەقرا)، ئەو تیرۆریستەی کە هەڤرین خەلەف، ئەمینداری گشتی حزبی سووریای ئایندەی کوشت، بەڵام له كۆبوونهوهکاندا ئامادەیە، محەمەد جاسم کە بە (ئەبوو عەمشە) ناسراوە و چەندین تاوانی دژی گەلی سووریا ئەنجامداوە بەتایبەتی لە عەفرین.
لە ڕاگەیاندراوەکەشدا ئەوە هاتووە، ئەو بڕیارانەی کە لە دەرەوەی چوارچێوەی کۆنگرەی نەتەوەیی سووریا بەبێ بەشداریی هێزە سیاسی و شۆڕشگێڕەکان و خەڵک دەدرێن قبووڵ ناكرێن، بۆیه بەستنی کۆنگرەی دیالۆگ لە سووریا بە بێبهشكردنی پارتەکان یان قەوارەکانی سووریا، چارەسەری گونجاو نیە بۆ کۆتاییهێنان بە دۆخی ناسەقامگیری لە سووریا.
ئیدارهی خۆسهر، پێی وایە وەدەرنانی حزبێک یان ڕێکخراوێک دەبێتە هۆی بەدینەهێنانی ئامانجەکانی شۆڕش و دۆخێکی هاوشێوەی دەسەڵاتی پێشوو دروست دەکاتەوە.