نها نیوز – هەواڵەکان
ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازی شارەزوور لە پەیامێکدا کە تایبەت بۆ "نها نیوز" نێردراوە پاڵپشتی خۆیان بۆ مامۆستایانی مانگرتووی سلێمانی دوپاتکردەوە و دەڵێن، وەک ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازیی شارەزوور، سەرباری چەندین تێبینی و نیگەرانیمان لەشێواز و کات و هەڵسوڕاندنی ئەم چالاکییە پڕسەرکێشییە؛ کە هەر ئەمەش وای کرد درەنگ بێین بەدەم ئەم چالاکییەوە؛ هاوکات پشتیوانی خۆمان بۆ هاوڕێیانی مانگرتوومان رادەگەیەنین و دروشمی "مردن لەپێناو ژیان"ـیان بەرز و پیرۆز دەنرخێنین".
دەقی پەیامەکەی ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازی شارەزوور:
بەناوی خوای بەخشندەی میهرەبان
(پەیامی پشتیوانی لە مانگرتووان)
ئێمە وەک ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازیی شارەزوور، سەرباری چەندین تێبینی و نیگەرانیمان لە شێواز و کات و هەڵسوڕاندنی ئەم چالاکییە پڕسەرکێشییە؛ کە هەر ئەمەش وای کرد درەنگ بێین بەدەم ئەم چالاکییەوە؛ هاوکات پشتیوانی خۆمان بۆ هاوڕێیانی مانگرتوومان ڕادەگەیەنین و دروشمی "مردن لەپێناو ژیان"یان بەرز و پیرۆز دەنرخێنین.
لێرەشەوە ڕوو لە دەسەڵاتدارانی ملهوڕ و هیچلەباردانەبووی پارتی و یەکێتی دەکەین و دەڵێین: ئەگەر زەڕەیەک ئەخلاق و ویژدان و مرۆڤبوونتان تیا ماوە، دەست لە ڕاوڕووت و دزی و درۆ و تاڵانکاری و بازرگانیکردن بە ژێرخاک و سەرخاک و خەڵکی ئەم هەرێمە بەشمەینەتە هەڵبگرن و داواکارییە سەرەتاییەکانی مانگرتووان و مووچەخۆران جێبەجێ بکەن، کە خۆیان لە:
ــ تەوتینی مووچە لە بانکە فیدراڵییەکان.
ــ پلەبەرزکردنەوە.
ــ پێدانی مووچەی مانگی 12 و 1.
ــ دیاریکردنی چارەنووسی مووچە پاشەکەوتکراوەکان)دا دەبینێتەوە.
ژیان و تەندروستی ئەم مانگرتووانە، لە چاوی خۆبینتان دەناسین و هەر پێشهاتێکی نەخوازراو ڕووبدات بۆیان، بەدڵنیاییەوە ئێوەی گومڕا بەبێ باجی گەورە لێی دەرباز نابن.
پێشتان ئەڵێین: ئەگەر ئینسانیەتتان تیاماوە؛ ئەگەر ئەزانن غیرەت چییە؛ ئەگەر بۆنی بێویژدانی بەیەکجاری کاسی نەکردوون؛ بەسە.. بەس، چیتر بەخۆدا بێنەوە، خەڵک لە سایەی ئێوەی خوێنمژدا؛ مردنی پێ لە ژیان خۆشتر و سەربەرزانەترە؛ "يَا أَيُّهَا الْإِنسَانُ مَا غَرَّكَ بِرَبِّكَ الْكَرِيمِ"
بە دەسەڵاتدارانی یەکێتی و ئەو بەرپرس و فراکسیۆن و پەرلەمانتار و لایەنە پەیوەندیدارانەش کە سەردانی مانگرتووان دەکەن، دەڵێین: بە سەردانێکتان بۆ ئێرە و بە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیتان، وا نەزانن کە پاک بوونەتەوە و تەواو ئیتر هەموو ئەرکێکی ئەخلاقی و سیاسی و ویژدانیتان بەجێگەیاندووە؛ دەپرسین کوا هەرێمی سەربەخۆی سلێمانیتان؟ کوا کارکردنتان بۆ جێبەجێکردنی بڕگەی پارێزگای ناڕازیی لە بوودجەی فیدراڵیدا؟ کوا تەوتین و پلەبەرزکردنەوەتان؟ کوا ڕەتکردنەوەی هەژماری مدیر عام.
کوا ڕەتکردنەوەی دەرەنجامی هەڵبژاردنی دیزاینکراو؟
لە یارییەکانتان تێگەشتووین، ئێوە لەگەڵ مەڕدا شین دەکەن و لەگەڵ گورگدا گۆشت دەخۆن، هەرگیز بەم سەردان و لێدوانانەتان پاک نابنەوە.
لێرەشەوە مامۆستایان و فەرمانبەرانی هاوڕێمان دڵنیادەکەینەوە، ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازیی شارەزوور کە ئەندامە لە ئەنجومەنی سەرتاسەریی؛ لەگەڵ هاوڕێیانمان لەو ئەنجومەنە دلێر و ماندوونەناسەدا، بەردەوام و دوور لە چاوی ڕاگەیاندن لە هەوڵداین بۆ گێڕانەوەی مافە زەوتکراوەکانمان، ماوەی دوو ڕۆژە نوێنەرە ماندوونەناسەکانمان لە بەغدادن و سەرقاڵی چالاکی و دیدارن لەپێناو چەسپاندنی داوا ڕەواکانمان.
لە کۆتاییدا هیوای سەرکەوتن و ئیرادەی خۆڕاگری زیاتر بۆ مانگرتووان دەخوازین و سەرکەوتن هەر بۆ ناڕازییە ڕاستەقینەکانە.
سەرشۆڕی و ڕووڕەشی بۆ تاڵانکارانی دەسەڵات و هەموو ئەو ساختەچییانەی بەناوی ناڕازییەوە، بازرگانی بە شەقام و چالاکییەکانی شەقام و مەینەتییەکانی شەقامەوە دەکەن و لە ڕێی خونکیکردن و دەربارییان بۆ دەسەڵاتی هەردوو بنەماڵە، لەکە و نەنگی ئەهێننە سەر پەڕەی سپیی خەباتی مامۆستایان.
ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازیی شارەزوور
31/1/2025