کوردستان

هۆکاری سەردانەکەی رابەری بزووتنەوەی ئیسلامی بۆ تورکیا ئاشکرا دەکرێت

نها نیوز – هەواڵەکان

وتەبێژی بزووتنەوەی ئیسلامی ئامانجی سەردانەکەیان بۆ تورکیا ئاشکرا دەکات و رایدەگەیەنێت، کە بۆ پشتگیری پرۆسەی ئاشتییە کە ئەردۆغان و باخچەلی رایانگەیاندووە.

د. عەبدوڵا وەرتی، وتەبێژی بزووتنەوەی ئیسلامی، بەدەنگی ئەمەریکای وت "ئەو سەردانەی مامۆستا عیرفان و شاندی یاوەری لە بزووتنەوەی ئیسلامی کورستان لە کاتێکدایە کە بارودۆخی ناوچەکە بەگشتی نائارام و ناسەقامگیرە، وە ئەو گۆڕانکاریەی لە سوریا روویاندا بەدڵنیاییەوە کاریگەری گەورەی هەبووە لەسەر ناوچەکە، ئێمەش وەک لایەنێکی سیاسی کە دەیان ساڵە خەباتی سیاسی و ئاینی و نەتەوەییمان هەیە لەپێناو بەرژەوەندی گەلەکەمان ناکرێت بێ ئاگابین لەو پێشهات و گۆڕانکاری و رووداوە خێرایانە کە روویاندا".

وتیشی "بۆیە دەکرێت ئامانجی سەرەکی سەردانەکەمان هاندان و پشتیوانی بێت بۆ ئەو پرۆسەی ئاشتییەی کە لە تورکیا و ناوچەکە هەیە کە بەڕێزان ئەردۆغان و باخچەلی رایانگەیاندووە، لەڕێگەی دەم پارتیەوە بۆ گفتۆگۆکردن لەگەڵ ئۆجەلان، چونکە ئەو پرۆسەیە زۆر گرنگ و کاریگەرە ئەگەر سەربگرێت دەبێتە مایەی ئارامی و بەرقەراربوونی ئاشتی و پێکەوە ژیان لە ناوچەکەدا وە هەروەها کاریگەری ئیجابی گەورەشی دەبێت لەسەر ئەو بارودۆخە نوێیەی کە لە سوریا هاتووەتە ئاراوە".

دوێنێ 30ی کانوونی دووەمی 2025، وەزارەتی دەرەوەی تورکیا راگەیاندراوێکی لەبارەی ئەنجامدانی کۆبوونەوەی جێگری وەزیری دەرەوەی تورکیا لەگەڵ عیرفان عەلی عەبدولعەزیز رابەری گشتیی بزوتنەوەی ئیسلامی کوردستان بڵاوکردەوە.

پێشتریش هەریەک لە سەڵاحەدین بەهادین، ئەمینداری گشتیی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان و شاسوار عەبدولواحید سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ، سەردانی تورکیایان کرد و لەگەڵ نوح یەڵماز، جێگری وەزیری دەرەوەی تورکیا کۆبوونەوە.
 
2025-01-31
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.