هەسەدە گەورەترین گورزی لە تورکیا دا
نها نیوز - هەواڵەکان
بەپێی راگەیەندراوێکی هەسەدە، دوێنێ بەرپەرچی هێرشەکانی میلیشیاکان و سوپای تورکیایان داوەتەوە و لانیكەم 12 چەكداری میلیشیاكانی سەربە توركیا كوژراون
ناوەندی راگەیاندنی هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە)، ئەمڕۆ هەینی، ئاماری شەڕەكانی دوێنێی نێوان شەڕڤانان و چەكدارانی میلیشیاكانی سەربە توركیای لە ناوچە جیاجیاكانی شەڕ لە رۆژئاوای كوردستان بڵاوكردەوە.
هەسەدە لەمیانی راگەیەندراوێکدا دەڵێت "لەبەرامبەر هێرشەكانی میلیشیاكان و سوپای توركیادا، شەڕڤانان لە باشوری منبج، كۆمەڵێك چەكداری میلیشیاكانیان كردووەتە ئامانج و لە چالاكییەكەدا چەند چەكدارێك كوژراون و برینداربون كە ژمارەیان بەتەواوەتی نەزانراوە".
هەر بەپێی راگەیەندراوەکە، لەهەمان بەرەی شەڕ، درۆنەكانی هەسەدە، گورزیان لە سێ ئۆتۆمبێلی سەربازیی میلیشیاكان وەشاندووە و هەروەها كۆمەڵێك چەكداریان كردونەتە ئامانج و لە ئاكامدا چوار چەكدار كوژراون كە دوانیان ئۆزبەكی بوون و هەروەها 12 چەكداری دیكەش برینداربون.
هەسەدە هێمای بۆ ئەوەشكردووە، لەبەرەی پردی قەرەقۆزاق لە چالاكییەكی شەڕڤاناندا بۆسەر بنكەیەكی سوپای توركیا، سێ سەربازی ئەو وڵاتە برینداربون و زرێپۆشێكی توركیاش پێكراوە و هەروەها سێ چەكداری میلیشیاكان برینداربون و دوو ئۆتۆمبێلیشیان پێكراون.
ئەوەش هاتووە "هەر لە هەمان بەرە، لە چالاكییەكی دیكەی شەڕڤاناندا، هێرشكراوەتە سەر بنكەیەكی میلیشیاكان و لە ئەنجامدا پێنج چەكدار برینداربون لەبەرامبەردا سوپای توركیا هێرشی ئاسمانی چڕی كردووەتە سەر گوندەكانی ناوچەكە".
ئەوەشی خستووەتەڕوو، لەبەرەی دێر حافیر، دلرۆنی توركیا بنكەیەكی هەسەدەی بۆردومان كردووە، لەئاكامدا دوو شەڕڤان بە سوكی برینداربون و هاوڵاتییەكی مەدەنیش شەهیدبووە.
لەکۆتایی راگەیەندراوەکەی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە)دا ئەوەش ئاشکراکراوە، کە لەبەرامبەر ئەو هێرشەدا، شەڕڤانان دوو چالاكییان لەدژی هێزەكانی میلیشیاكان ئەنجامداوە و لە ئاكامی چالاكی یەكەمدا 6 چەكدار كوژراون و لە چالاكی دوەمیشدا دوو چەكداری دیكە كوژراون و دوانی دیكەش برینداربون و هەروەها سێ ماتۆڕسكیلی چەكدارەكانیش لەناوبراون.
|