قوباد تاڵەبانی لەگەڵ باڵیۆزی فەرەنسا کۆبووەوە
نها نیوز – هەواڵەکان
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران پێشوازیکرد لە پاتریک دۆرێل، باڵیۆزی فەرەنسا لە عێراق و لە کۆبوونەوەی نێوانیاندا دواین پێشهاتە سیاسییەکانی ناوچەکە و پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغداد و چەند پرسێکی دیکە تاوتوێکران.
لە تەوەرێکی کۆبوونەوەکەدا کە رۆژی پێنجشەممە (2025/1/30) بە ئامادەبوونی یان برێم، کونسوڵی گشتیی فەرەنسا لە هەرێم بەڕێوەچوو، باس لە دوایین گۆڕانکارییە سیاسی و ئەمنییەکانی ناوچەکە و بە تایبەتیش دۆخی سوریا کرا. جەختکرایەوە کە بۆ سەقامگیرکردنی سوریا و ناوچەکە، پێویستە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و لایەنە سورییەکان پێکەوە کاربکەن تا هەموو پێکهاتەکانی ئەو وڵاتە بەشداربن لە داڕشتنەوەی سیستمی نوێی سوریا و مافە بنەڕەتییەکانی هەموو پێکهاتەکان بە تایبەتیش پێکهاتەی کورد لە سوریای نوێدا گەرەنتی بکرێت.
سەبارەت بە هەوڵەکانی پێکهێنانی کابینەی نوێی هەرێمی کوردستان، هەردوولا هاوڕابوون کە پێویستە لایەنە سیاسییەکان پەلەبکەن لە پێکهێنانی حکومەت. لەمبارەیەوە قوباد تاڵەبانی روونیکردەوە، هەموو هەوڵێک دەدەن بۆ ئەوەی حکومەتی داهاتوو حکومەتێکی کارا و بەهێز و یەکگرتوو لەسەر بنەمای هاوبەشیی راستەقینە بێت تا بتوانێت وەڵامدەری داواکارییەکانی هاوڵاتییانی کوردستان بێت.
لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆکرا لەبارەی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا. لەمبارەیەشەوە جەختکرایەوە لەسەر پێویستیی چارەسەرکردنی ریشەیی کێشەکان لەڕێگەی گفتوگۆوە. جێگری سەرۆک وەزیران ئاماژەیدا بەوەی کە بڕیارە لە داهاتوویەکی نزیکدا وەفدێکی هەرێم سەردانی بەغداد بکات و هیوای خواست ئەو وەفدە بتوانێت لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ بگاتە رێککەوتنی کۆتایی لەسەر پرسی بودجە و مووچە.
|