کوردستان

لە ترسی هەسەدە سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی تورکیا "میت" گەیشتە دیمەشق

نها نیوز – هەواڵەکان

ئەحمەد شەرع، سەرۆکی ئیدارەی نوێی سووریا، لە دیمەشقی پایتەخت لەگەڵ شاندێکی باڵای تورکیا بە سەرۆکایەتی ئیبراهیم کاڵن، سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی نیشتمانی تورکیا (MIT) کۆبووەوە. ئاژانسی هەواڵی فەرمی سووریا (سانا) بڵاویکردەوە، شەرع چەند فایل و پرسێکی ئەمنی لەگەڵ شاندی تورکیا تاوتوێکردووە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی سانا، لە کۆبوونەوەکەدا ئەسعەد شەیبانی وەزیری دەرەوەی سووریا و ئەنەس خەتاب بەرپرسی هەواڵگری گشتی سوریا ئامادەی بوون.

ئاژانسەکە باسی وردەکاری زیاتری لەبارەی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە نەکردووە، بەڵام ئەمە لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکانی هەردوو وڵاتدایە بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکانیان لە بوارە جیاجیاکان و سەردانی هاوبەش، دوای ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەدی سەرۆکی لەکارلادراو.

هاوکات، میدیای تورکیا بڵاویکردووەتەوە، لە کۆبوونەوەکەی کاڵن و شەرع، ئەسعەد حەسەن شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریاش ئامادەبووە و یەکێک لە تەوەرەکان هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) بووە.

وەزیری بەرگری سووریا، محاف ئەبو قەسرە دووپاتی کردووەتەوە کە پەیوەندی لەگەڵ تورکیە نایاب دەبێت، ئاماژەی بەوەشکردووە، لەگەڵ بەرپرسانی تورکیا لە ئەنقەرە گفتوگۆ لەسەر پێگەی هێزەکانی تورکیا لە سووریا دەکەن.

لە 8ی کانونی یەکەمی 2024، کوتلە سوورییەکان دوای چەند ڕۆژێک لە کۆنترۆڵکردنەوەی شارەکانی دیکە، دیمەشقیان کۆنترۆڵکرد، بەمەش کۆتایی بە 61 ساڵ دەسەڵاتی پارتی بەعس و 53 ساڵ ڕژێمی بنەماڵەی ئەسەد هێنا.

2025-01-27
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.