ئەمڕۆ شاندی هەرێم و بەغدا مووچەی مانگەکان یەکلاییدەکەنەوە
نها نیوز – هەواڵەکان
بڕیارە ئەمڕۆ شاندی هەرێمی کوردستان لە بەغدا لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراق کۆببێتەوە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر ئەو راپۆرتەی کە شاندی وەزارەتی دارایی عێراق لە سەردانەکەیاندا بۆ هەولێر ئامادەیکردووە.
ئەوەش لە کاتێکدایە بڕیاربوو دوێنێ یەکشەممە، شاندی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا بکات، بەڵام بەپێی زانیارییەکان بەهۆی سەردانەکەی هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا، کۆبونەوەکە بۆ ئەمڕۆ دواخراوە.
هەفتەی ڕبردوو شاندێکی هەرێم کە پێکهاتبوون لە ئاوات شێخ جەناب وەزیرى دارایی، ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران، ئامانج رەحیم، سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران و عەبدولحەکیم خەسرەو، سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون، چووە بە غدا، و لەگەڵ فوئاد حسێن، جێگرى سەرۆک وەزیران و تەیف سامى، وەزیرى دارایی عێراق کۆبوونەوە.
هەر لە هەفتەی ڕابردوودا شاندێکی وەزارەتى دارایی عێراق گەیشتە هەولێر و بۆ ماوەی دوو رۆژ مانەوە، دواتر راپۆرتێکیان لەبارەى لیست و ژمارەى مووچەخۆران و خەرجییەکانى حکومەتى هەرێمی ئامادەکرد و گەڕانەوە، بۆیە ئەو شاندەی کەمڕۆ دەچێتە بەغدا بۆ گفتوگۆکردنە لەبارەى ئەو راپۆرتەوە.
|