مەرجێکی قورس و مەحاڵ خرایە بەردەم ئۆجەلان
نها نیوز – هەواڵەکان
گەورە راوێژکارێکى رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیا رایگەیاند، دەبێت ئۆجەلان بەبێ مەرج بانگەوازی چەکدانان بۆ پەکەکە بکات.
مەهمەت ئوچوم، گەورە راوێژکاری رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا، کە هاوکات بریکاری سەرۆکی دامەزراوەی سیاسەتە یاساییەکانە لە سەرۆکایەتیی کۆماری ئەو وڵاتە و دەڵێت "لەپێناو تورکیایەکی بێ تیرۆردا، پێویستە بانگەوازی چەکدانان بەبێ مەرج بێت و بەبێ مەرجیش دەبێت".
رونیشیکردەوە "ئەو بانگەوازە بەجۆری دیکە مایەی قبوڵكردن نییە، با کەس سیناریۆی خەیاڵی و بابەتی فریودەرانەی دروستکراو نەخاتەڕوو".
لەگەڵ ئەوەی یەک سەدەیە کورد لە تورکیا داوا دەکات زمانی کوردی وەکو زمانی فەرمی بناسرێت، بەڵام ئوچوم بەپێچەوانەی ئەو رایە ئاماژە بەوە دەکات، کە کورد زیاتر خاوەندارێتی لەو راستییە کردووە کە پێویستە زمانی تورکی تاکە زمانی فەرمی دەوڵەت بێت و ببێتە سەروەر و کۆکەرەوەی هەمووان.
گەورە راوێژکارەکەی ئەردۆغان لەبارەی هەوڵە نوێیەکانی دەوڵەتیش ئاشکرایکرد "بە هەوڵەکانی رەجەب تەیب ئەردۆغان و دەوڵەت باخچەلی، ئامانجی تورکیای بێ تیرۆر و دەستپێشخەریی نوێی دەوڵەت خێراتر بووە".
|