کوردستان

گەیشت.. هەنگاوێکی گرنگ لە سودانییەوە بۆ هەڵبژاردنی پارێزگاری کەرکوک

نها نیوز – هەواڵەکان

سەرۆک وەزیرانى عێراق لەگەڵ ئەندامانى ئەنجوومەنى پارێزگاى کەرکوک لە پێکهاتەى تورکمان کۆبووەوە و جەختیکردەوە لە پێویستیی کارکردنى پێکەوەیی فراکسیۆنەکان و پەراوێزنەخستنى هیچ لایەنێک.

ئەمڕۆ شەممە، محەمەد شیاع سودانى، سەرۆک وەزیرانی عێراق لەگەڵ ئەندامانى ئەنجوومەنى پارێزگاى کەرکوک لە پێکهاتەى تورکمان کۆبووەوە و لە کۆبوونەوەکەدا جەختیکردەوە  لە گرنگیی پێشخستنى بەرژەوەندیى دانیشتووانى کەرکوک لە هەر رێککەوتنێکى نێوان هێزە سیاسییە براوەکانى هەڵبژاردن.

سەرۆک وەزیرانی عێراق راشیگەیاند "پێویستە فراکسیۆنەکان وەک یەک تیم و دوور لە پەراوێزخستن و دوورخستنەوەى هێزە نیشتمانیی و کۆمەڵایەتیەکانى کەرکوک کاربکەن.

سودانى، فراکسیۆنەکانى ئەنجوومەنى پارێزگاى کەرکوکى هاندا ئیدارەیەکى سەرکەوتوو پێکبهێنن و رێکبکەون لەسەر پۆستى پارێزگار کە بتوانێت داخوازییەکانى دانیشتوانى شارەکە دەستبەربکات.

ناوبراو پشتیوانیی خۆیشى دەربڕى بۆ کارى ئەنجوومەنى پارێزگا و دەستەبەرکردنى هەموو پێداویستییەکان لە پێناو باشکردنى دۆخى ئابوورى و بەهێزکردنى هەڵمەتى بونیاتنانەوەى ژێرخان و خزمەتگوزارییەکانى کەرکوک.

ئەمەش پاش ئەوە دێت، رۆژى پێنج شەممەی پێشوو، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لەگەڵ پێکهاتەى عەرەبى لە کەرکوک کۆبووەوە و بڕیارەیشە لەگەڵ ئەندامانى ئەنجوومەنى پارێزگاکە لە پێکهاتەى کورد کۆببێتەوە.
 
2024-07-27
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.