کوردستان

هەموو شتێک ئاشکرابوو.. دەیان ساڵە حکومەتی هەرێم باجی نایاسایی وەردەگرێت

نها نیوز – هەواڵەکان

حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێم دەڵێت، باج لەسەر (چێشتخانە، هۆتێلەکان، نەخۆشخانە تایبەتەکان، نانەوا و سەمونخانەکان، زەوی بەتاڵ) لادەبرێن، بەڵام دوو پەرلەمانتار دەڵێن "دانانی ئەو باجەکانە نایاسایی بوون کە خودی سەرۆکوەزیران بە فەرمانی خۆی سەپاندی.

بەگوێرەی ئەوفەرمانەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە رۆژی 23/7/2024 دەرچووە، وەرگرتنی باج لە چێشتخانە و هۆتێل و نەخۆشخانە تایبەتەکان و سەمونخانە و نانەواخانە و زەوی بەتاڵ رادەگیرێن .

لەوبارەیەوە، سەرکۆ ئازاد گەڵاڵی ئەندامی لیژنەی دارایی لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان بە وێبسایتی فەرمیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانی راگەیاند "وەرگرتنی باج لە چێشتخانە و هۆتێل و نەخۆشخانە تایبەتەکان و سەمونخانە و نانەواکان و زەوی بەتاڵ  هەر لەسەرەتاوە بە نایاسایی بووەو بێ ئاگاداری پەرلەمان کراوە و خودی سەرۆکوەزیران ئەو بڕیارەی دەرکردووەو هەڵوەشاندنەوەشی لەپێناو خەڵک نییە بەڵکوو بەکارهێنانی دەسەڵاتی جێبەجێکردنە بۆ بانگەشەی هەڵبژاردنی لایەنێک و ترسی رادەستکردنی ئەو باجە نایاساییانەیە بە حکومەتی عیراق.

دەشڵێت "بەبڕیاری سەرۆکوەزیران و بێ گەڕانەوە بۆ پەرلەمان 21 جۆر باجی نایاسایی لە هاووڵاتیان وەردەگیرێت و دیاریش نییە داهاتی ئەو باجانە لەماوەی سێ ساڵی رابردوودا چی لێهاتووە، هەڵوەشانەوەی ئەو بڕیارەش روونە کە بۆ چ مەبەستێکە، چونکە هەر لەسەرەتاوە بڕیارەکە نایاسایی بووە.

هاوکات، سۆران عومەر ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لەبارەی هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری نایاسایی وەرگرتنی باج لە کاسبکاران لە پەڕەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبوک رایگەیاندووە "لە هەرێمی کوردستان باج لە کاسبکاران وەرگیراوە، بەڵام لەو هاوڵاتییە بیانیانە وەرنەگیراوە کە وەک راوێژکار و کرێکار و پارێزەر لە وەزارەتەکان و کۆمپانیا نەوتییەکان کاریان کردووە، کەئەمەش پێچەوانەی یاسای باجی دەرامەتی هەموارکراوی ژمارە 113ی ساڵی 1982ـە.
 
2024-07-25
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.