کوردستان

قوباد تاڵەبانی لەگەڵ جێگری فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا کۆبووەوە

نها نیوز - هەواڵەکان

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران پێشوازیکرد لە وەفدێکی سەربازی ئەمریکا بە سەرۆکایەتی برادلی کووپەر، جێگری فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) و لە کۆبوونەوەی نێوانیاندا پرسی تیرۆر و چۆنییەتی بەهێزترکردنی هەماهەنگی نێوان هێزەکانی هاوپەیمانان لەگەڵ هێزە ئەمنییەکانی کوردستان تاوتوێ کران.

لە کۆبوونەوەکەدا کە رۆژی چوارشەمە (24ی تەموزی 2024) لە هەولێر بەڕێوەچوو و تیایدا شۆرش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگە و لیوا روکن بەختیار محەمەد سدیق، ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە و مارک سترۆ کونسوڵی گشتیی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان ئامادەی بوون، قوباد تاڵەبانی سوپاسی هێزەکانی ئەمریکای کرد کە بەردەوامن لە کارکردن لەگەڵ هێزەکانی دژە تیرۆر و هێزە ئەمنییەکانی تری کوردستان و لەم دوایانەدا پێکەوە ئۆپەراسیۆنی زۆر سەرکەوتوویان لە دژی تیرۆریستان ئەنجام داوە.  

لە تەوەری سەرەکیی کۆبوونەوەکەدا لەسەر پرسی تیرۆر لە عێراق و ناوچەکە گفتوگۆکرا. هەردوولا هاوڕابوون تیرۆر هێشتا هەڕەشەیەکی جدییە بۆسەر ئاسایش و سەقامگیری عێراق و ناوچەکە. لەم چوارچێوەیەدا جێگری سەرۆکوەزیران جەختی کردەوە لەسەر گرنگیی بەردەوامبوونی کارکردنی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق، تا لەلایەکەوە بە هاوکاری و هەماهەنگی لەگەڵ هەموو هێزە ئەمنییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان کۆتایی بە هەڕەشەی تیرۆر بهێنرێت و لەلایەکی دیکەشەوە یارمەتیدەری حکومەتی عێراق بن لە پاراستنی سەروەری خاکی عێراق و پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری لە ناوچەکەدا.

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا باسی پرۆسەی چاکسازی لە هێزەکانی پێشمەرگە کرا. قوباد تاڵەبانی پشتگیری خۆی بۆ بەردەوامبوونی هەنگاوەکانی چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە دووپات کردەوە و هیوای خواست بە هاوکاری هاوپەیمانان هەنگاوەکانی چاکسازی بە شێوەیەکی خێراتر جێبەجێ بکرێن.

2024-07-24
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.