کوردستان

قوباد تاڵەبانی لەبارەی گەنجانەوە داوایەک لە یەکێتیی ئەوروپا دەکات

نها نیوز – هەواڵەکان

جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان پێشوازیکرد لە تۆماس سیلەر، باڵیۆزی یەکێتیی ئەوروپا لە عێراق و داوای کرد، هاوکارییەکانی یەکێتیی ئەوروپا بۆ هەرێمی کوردستان زیاتر بۆ تواناسازیی گەنجان تەرخانبکرێت.

ئەمڕۆ سێشەممە، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە هەولێر پێشوازیکرد لە تۆماس سیلەر، باڵیۆزی یەکێتیی ئەوروپا لە عێراق و لە تەوەرێکی کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆکرا لەبارەی چۆنییەتی پەرەپێدان بە تواناکانی گەنجانی داهێنەر و کارسازی هەرێمی کوردستان.

لەمبارەیەوە قوباد تاڵەبانی دیدگا و پلانی خۆی بۆ تواناسازیی گەنجان روونکردەوە و ئاماژەی بە پڕۆژەی فاوندەیشن هەب کرد کە بڕیارە لە داهاتوویەکی نزیکدا، بکرێتەوە.

هەر لەم چوارچێوەیەدا قوباد تاڵەبانی داوایکرد هاوکارییەکانی یەکێتیی ئەوروپا بۆ هەرێمی کوردستان زیاتر بۆ تواناسازیی گەنجانی داهێنەر و کارسازی تەرخان بکرێت، چونکە لە ڕێگەی ئەم پڕۆژەیەوە هەلی کاری زیاتر بۆ گەنجان دەڕەخسێت و یارمەتیدەریش دەبێت بۆ گەشەسەندنی بزنسە بچوکەکانی گەنجان لە کوردستان.

وتیشی "سەرکەوتنی پڕۆژەی فاوندەیشن هەب و پەرەپێدانی بزنسە بچوکەکان لە بەرژەوەندی یەکێتیی ئەوروپاشدایە بەوەی کاریگەری دەبێت لەسەر کەمکردنەوەی رێژەی کۆچی نایاسایی گەنجان بۆ دەرەوەی وڵات.

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی پرسی هەڵبژاردنەکانی خولی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان کرا. لەم بارەیەشەوە جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم ئاماژەی بە گرنگیی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن کردەوە بۆ پاراستنی شەرعییەتی دامەزراوەکانی حکومڕانی هەرێمی کوردستان و جەختیشی کردەوە لەسەر بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن لەو وادەیەی لەلایەن سەرۆکایەتیی هەرێمەوە دیاری کراوە.
 
2024-07-23
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.