بافڵ تاڵەبانی داوایەکی بەپەلە لە میدیاکانی سەر بە حزبەکەی دەکات
نها نیوز - هەواڵەکان
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان لە بارەی ئەو بانگەشە بێبنەمایانەی کە میدیاکانی دیکە بڵاوی دەکەنەوە رایگەیاند، ئێمە خۆمان بۆ ئاستێکی وا دانابەزێنین، داواش لە هەموو دامەزراوە میدیاییەکانی سەر بە حزبەکەی دەکات، هیچ جۆرە بەرپەرچدانەوەیەکیان نەبێت.
بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەبارەی رووداوەکەی لالەزار پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، داوام لە هەموو دامەزراوە میدیاییەکانی سەر بە حزبەکەمان کردووە، هیچ جۆرە بەرپەرچدانەوەیەکیان نەبێت بۆ گەورەکردنی ئەو بانگەشە بێبنەمایانەی کە میدیاکانی دیکە بڵاوی دەکەنەوە.
دەشڵێت " ئێمە خۆمان بۆ ئاستێکی وا دانابەزێنین، ئەرکی ئێوە ئەوەیە کە بەرپرسیارانە راستییەکان بخەنەڕوو و متمانەی گشتی بپارێزن.
جەختی لەوەش کردەوە، دەبێت پێشینەى کارەکانمان پاراستنی ژیان و مافی هاووڵاتیانمان بێت، پارێزگاریی لە سەروەریی یاسا و رێگریی لەو کەسانە بکەین کە پشت بە هێز و تۆقاندن دەبەستن، نەک متمانەی گشتی.
|