رامسی: گۆڵه‌كه‌ی رۆناڵدۆم نه‌دزیوه
ئارۆن رامسی، یاریزانی هێڵی ناوه‌ڕاستی یانه‌ی یوڤێنتوسی ئیتالی، داوای لێبوردنی ئاراسته‌ی هاوڕێیه‌كه‌ی كریستیانۆ رۆناڵدۆی ئه‌ستێره‌ی پورتوگالی كرد، به‌ڵام دووپاتیشیكرده‌وه كه گۆڵه‌كه‌ی رۆناڵدۆی نه‌دزیوه.
له یاری لۆكۆمۆتیڤی رووسی و یوڤێنتوس له چوارچێوه‌ی گه‌ڕی چواره‌می قۆناخی كۆمه‌ڵه‌كانی چامپیۆنزلیگدا، رۆناڵدۆ لێدانێكی راسته‌وخۆی جێبه‌جێكرد و تۆپه‌كه به‌نێو قاچه‌كانی گۆڵپارێزی لۆكۆمۆتیڤدا رۆیشت و له كاتێكدا كه خه‌ریكبوو هێڵی گۆڵه‌كه ده‌بڕێت، رامسی قاچی خۆی ل تۆپه‌كه‌دا و گۆڵه‌كه به‌فه‌رمی بۆ رامسی هه‌ژماركرا و رۆناڵدۆ بێبه‌شبوو له گۆڵێكی دیكه‌ی چامپیۆنزلیگ، كه تاوه‌كو ئێستا گۆڵكاری مێژوویی ئه‌و پاڵه‌وانێتییه‌یه.
رامسی به رۆژنامه‌ی توتۆ سپۆرتی ئیتالی راگه‌یاندووه "قسه‌م له‌گه‌ڵ رۆناڵدۆ كردووه‌و زۆر داوای لێبوردنم لێیكردووه". یاریزانی وێڵزی هه‌روه‌ها گوتی "به‌ڵام من گۆڵه‌كه‌م له‌و نه‌دزیوه، چونكه به‌ئه‌نقه‌ست وامنهكردووه".
|