ئابوری

سودانی لەسەر تەوتین بڕیاریداو وادەیەکیش بۆ ناردنی مووچەی مانگی 8 ئاشکراکرا

نها نیوز - هەواڵەکان

ئەندامێکی پێشووی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، ناردنی مووچەی مانگی هەشت دەکەوێتە پێش هەڵبژاردنەوە و کۆبوونەوەی رۆژی سێشەممەی ئەنجومەنی وەزیرانی بەغدا یەکلاکەرەوە دەبێت. 

شیروان میرزا، ئەندامی پێشووی پەرلەمانی عێراق لەسەر فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان بە ئاوێنەی راگەیاند "بەربەستی گەورە لەبەردەم رێککەوتنی هەرێم و بە‌غدا بریتیبوو لە هەناردەکردنەوەی نەوت کە ئەو بەربەستەش لاچوو و دەمێنێتەوە لەسەر داهاتی نانەوتی و بۆ کۆبوونەوەی داهاتووی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق ماوەتەوە".

ئاماژەی بەوەشکرد "پێش کۆبوونەوەکە لیژنە وزارییەکە راپۆرتی خۆیان لەسەر وەڵامی ئەنجومەنی دەوڵەت تاوتوێ دەکەن و دەبرێتە ئەنجومەنی وەزیران تاوەکو بزانن لەسەر داهاتی نانەوتی لەسەر بڕی چەند رێکبکەون، چونکە عێراق چاوی لەوەیە کە زیاتر لە 120 ملیار دیناری پێبدرێت وە هەرێمیش چاوی لەکەمترە. هەربۆیە باوەڕم وانییە نە هەرێم و نە بە‌غدا لەسەر داهاتی نانەوتی ئەو رێککەوتنە تێکبدەنەوە".

لەبارەی تەوتینیشەوە ناوبراو ئاشکرایکرد "تەوتین و بابەتی خانەنشینان دەگەڕێنمەوە بۆ ئەوەی کە ئەگەر لیژنەکان بەردەوامبن لەکارەکانیان تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ چارەسەر دەبێت. چونکە هیچ خاڵێکی قورس لەنێوان هەرێم و بەغدا نەماوەتەوە".

شیروان میرزا زیاتری لەسەر تەوتین باسکرد و وتی "بە دوو هۆکار بابەتی تەوتین دەنگی نەما؛ یەکەم دادگای فیدراڵی روونکردنەوەی دا لە داواکاریەکەی یەکەمجاری خۆی پەشیمان بووەتەوە، دووەم هۆکار سودانی بە روونکردنەوەی خۆی هەژماری منی لە جێی تەوتین قبوڵە".
بەڵام ناوبراو ئاماژە بەوە دەکات کە ئەو بابەتە دوو سەرەیە، "هەرکاتێک عێراق بیەوێت کێشە دروست دەکات و دەڵێت؛ (هەژماری من) تەوتین نییە و تەوتینم دەوێت، وە دیارە بەغداش (هەژماری من)ـی قبوڵە تا ئەم قۆناغە؛ کە هەڵبژاردنە".

لەسەر وادەی ناردنی مووچەی مانگی هەشتیش، ئەندامەکەی پێشووی پەرلەمانی بەغدا دەڵێت "پێموایە ئەم سێشەممەیە داهاتی نانەوتی بڕیاری لەسەر دەدرێت، بۆیە ئەگەر هەیە هەفتەیەکی دیکە یاخود لەنزیکترین کاتدا مووچەی مانگی هەشت بنێردرێت، واتە پێش هەڵبژاردن مووچەی مانگی هەشت دێت".
 
2025-10-05
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.