بڕیاری ناردنی مووچە دەدرێت
نهانیوز-هەواڵەکان
ماڵپەرێکی عێراقی ئاشکرای دەکات رۆژی یەکشەممە لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران بڕیاری خەرجکردنی مووچەی مانگی شەش دەدرێت.
ئەمڕۆ چوارشەممە ١٣ی ئاب ماڵپەڕی "بەغداد ئەلیەوم" لە زاری سەرچاوەیەکی حکومەتی عێراقەوە بڵاویكردووەتەوە" ئەنجومەنی وەزیران لە دانیشتنی یەکشەممەی داهاتوو، بڕیاری خەرجکردنی موچەی فەرمانبەران بۆ مانگی حوزەیران دەدات، دوای ئەوەی هەرێم بڕی (١٢٠) ملیار دینار لە داهاتە ناوخۆییەکانی رەوانەی بەغداد دەكات."
ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەشكردووە"دوای رێککەوتنی تەواوەتی لە نێوان وەزارەتی سامانە سروشتیەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی نەوتی عێراق و واژۆکردنی رێککەوتنەکە، نەوتەكە بووەتە پشکی کۆمپانیای سۆمۆ، وادەی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردن دەمێنێتەوە كە لە ئەستۆی بەغدادو ئاستی خێرایی گەیشتنێتی بە رێککەوتن لەگەڵ لایەنی تورکی".
وتوشیەتی" وەزارەتی دارایی هەرێم بڕی (١٢٠)ملیار دینار لە داهاتە ناوخۆییەکان دەگوازێتەوە بۆ بەغداد، دوای ئەوە ئەنجومەنی وەزیران لە دانیشتنی رۆژی یەکشەممەدا بڕیار دەدات راستەوخۆ موچەی فەرمانبەران بۆ مانگی حوزەیران خەرج بکات".
ئەوەش لە کاتێکدایە کە هەرێم و بەغدا ئەمڕۆ لەسەر هەناردەکردنی نەوت ڕێککەوتن و وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێم لە راگەیەندراوێکدا، ئاشکرایکرد "وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی نەوتی عێراق لە سەر میکانیزمی هەناردەکردنەوەی نەوت ڕێککەوتن و کۆنووسی ڕێککەوتنەکەش لەلایەن ٢٣ کەسایەتی شاندی هەردوولا واژۆ کراوە ١٧ ئەندامی شاندی وەزارەتی نەوتی عێراق بوون".
|