ئابوری

دەربارەی کێشەی مووچە نها خاڵێکی گرنگ ئاشکرا دەکات

نها نیوز - هەواڵەکان

ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق ئاشکرایکرد، چاوەڕێ دەکرێت هەفتەی داهاتوو کۆبوونەوەی یەکلاییکەرەوە لەسەر مووچەی مانگی شەش بکرێت، لەبارەی یاسای حەشدی شەعبیشەوە ئەو پەرلەمانتارە پێی وانییە کێشەی هەرێم و بەغدا کە بووەتە مۆتکە بۆ مووچە "یاسای حەشدی شەعبی" بێت.

سروە محەمەد، ئەندامی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق لە لیدوانێکی تایبەتدا بە نها نیوز دەڵێت "بەهۆی پشووی ئاشوراوە کارەکان لەسەر مووچە وەستاوە، بەڵام لیژنە تەکنیکییەکان بەردەوامن لەکاری خۆیان لەسەر پابەندییەکانی هەرێم و بەغدا".

لەبارەی دواین پێشهاتەکانی مووچەی مانگی شەشیش، ناوبراو ئاشکراکرد "چاوەڕیدەکرێت هەفتەی داهاتوو کۆبوونەوەی یەکلاکەرەوە ئەنجام بدرێت و بڕیار لەسەر مووچەی مانگی شەش بدرێت".

سروە محەمەد وتیشی "ئەو لیژنانەی دروستکراون بۆ هەناردەکردنەوەی نەوت بەردەوامن لەکارەکانیان و بۆ پرسەکە دێنە هەرێم و دەچنەوە بەغدا".

پەیوەست بە یاسای حەشدی شەعبی کە تاوەکو چەند گرفتی بۆ مووچە دروست کردووە، ئەندامەکەی یەکێتی لە عێراق رایدەگەیەنێت ''کێشەکان لە عێراقدا بەشێکی سیاسییە ئینجا بەشێکی تەکنیکییە، بەتەنیا کێشەی ئێستای بەغدا و هەرێم ناتوانین بڵێین حەشدی شەعبییە، بەڵکو کێشەی کەڵەکەبووی چەندین ساڵەیانە، بەڵام لە ئێستادا کێشەی سەرەکی هەرێم و بەغدا هەناردەنەکردنەوەی نەوتی هەرێمە لەگەڵ ماف و هەقدەستی کۆمپانیا نەوتییەکان".

"راستە یاسای حەشدی شەعبی کێشەی لەسەرە، هەروەها یاساکە هێشتا لەماڵی شیعەش کێشەی لەسەرە، بەڵام دەپرسین بۆچی ئێستا ئێمە بیهێنین بیبەستینەوە بە مووچەوە!". سروە محەمەد وای وت
 
2025-08-13
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.