ئابوری

شارەزایەکی ئابووری هۆكاری نه‌ناردنی مووچه‌ی مانگی 6 ئاشكرا ده‌كات

نها نیوز – هەواڵەکان

شارەزایەکی ئابووری هۆكاری نه‌ناردنی مووچه‌ی مانگی شه‌شی مووچه‌خۆرانی هه‌رێم، لەلایەن حکومەتی فیدراڵەوە ئاشکرادەکات ودەڵێت  "به‌غدا جه‌خت له‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌، مووچه‌ی مانگی حوزه‌یران نانێرێت تاهه‌رێم داهاته‌ ناوخۆییه‌كان ر‌اده‌ستنه‌كات، لەکاتێکدا هه‌رێم پێشنیازی كردووە، كه‌ ته‌نها بۆ ئه‌م مانگه‌ (120) ملیار دینار بنێرێت، هەرکاتێک به‌غدا مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم-ی نارد".

د.نه‌بیل مه‌رسوومی پسپۆڕی ئابووریی له‌ زانكۆی مه‌عقه‌ل له‌ پارێزگای به‌سره‌ له‌ وتارێكدا،  هۆكاری نه‌ناردنی مووچه‌ی مانگی شه‌شی مووچه‌خۆرانی هه‌رێم ئاشكرا ده‌كات و ده‌ڵێت:"ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران له‌ كۆبوونه‌وه‌ی كۆتاییدا باسی له‌ پرسی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی كوردستان نه‌كردو پرسی مووچه‌ی به‌ جێبه‌جێكردنی ر‌ێككه‌وتنی دوایی نێوان حكومه‌تی ناوه‌ندی و هه‌رێمه‌وه‌ به‌سته‌وه‌، كه‌ هه‌رێم ر‌ۆژانه‌ (230) هه‌زار به‌رمیل نه‌وتی به‌رهه‌مهاتوو له‌ هه‌رێم ر‌اده‌ستبكات،‌ دواتر ئەو بڕە كه‌مكرایه‌وه‌ بۆ (80) هه‌زار به‌رمیل رۆژانه‌ له‌گه‌ڵ (120)ملیار دینار، كه‌ یه‌كسانه‌ به‌ 50٪ی داهاته‌ نانه‌وتییه‌كان".

له‌ وتاره‌كه‌یدا د.نه‌بیل مه‌رسوومی باس له‌مادده‌ی داهاته‌كان ده‌كات و ئه‌وه‌شده‌خاته‌ڕوو:"یاسای به‌ڕ‌ێوه‌بردنی دارایی له‌ عیراق له‌ مادده‌ی 29 دا ده‌ڵێت:" داهاته‌كانی خواره‌وه‌ ده‌چنه‌ سه‌ر هه‌ژماری پارێزگاكان یان هه‌رێم، یه‌كه‌م: 50٪ی ر‌سومات و باجه‌ فیدراڵییه‌كان، كه‌ له‌ فه‌رمانگه‌ پاره‌داركراوه‌كانی ناوه‌ند وه‌رده‌گیرێن، ئه‌و بڕ‌انه‌ی، كه‌ له‌باج و ر‌سوماتی گومرگی وه‌رده‌گیرێن له‌مه‌ به‌ده‌ر ده‌كرێن، دووه‌م: پشكی پارێزگا له‌ داهاته‌كانی ده‌روازه‌ سنوورییه‌كان و پترۆدۆلار، سێیه‌م: داهاته‌ ناوخۆییه‌كان، كه‌ به‌پێی یاسا ناوخۆییه‌كانی ده‌رچوو له‌ ئه‌نجومه‌نی پارێزگا به‌ده‌ستده‌هێنرێن، چواره‌م: داهاته‌كانی تایبه‌ت به‌ فه‌رمانگه‌ شاره‌وانییه‌كان".

پسپۆڕه‌ ئابوورییه‌كه‌ دەشڵێت، "هه‌رێم پێشنیازی كرد، كه‌ ته‌نها بۆ ئه‌م مانگه‌ (120) ملیار دینار بنێرێت، به‌ڵام ئه‌م بڕ‌ه‌ پاره‌یه‌ ناده‌ن تا به‌غدا مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم نه‌نێرێت، له‌ كاتێكدا به‌غدا جه‌خت له‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌، كه‌ ناتوانێت مووچه‌ی مانگی حوزه‌یران بنێرێت تاهه‌رێم داهاته‌ ناوخۆییه‌كان ر‌اده‌ستنه‌كات، له‌به‌رامبه‌ردا هه‌رێم پێیوایه‌ حكومه‌تی عیراق ده‌یه‌وێت یاسای به‌ڕ‌ێوه‌بردنی دارایی پێشێلبكات به‌ داواكردنی ته‌واوی داهاته‌ ناوخۆییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و 50٪ی هه‌موو بڕ‌ه‌ پاره‌كان، له‌ كاتێكدا هه‌رێم ده‌یه‌وێت هه‌موو باج و گومرگه‌ سنوورییه‌كان ر‌اده‌ستبكات و بابه‌تی ر‌سومات بۆ وه‌زاره‌ته‌كان جێبهێڵێت بۆ دابینكردنی خه‌رجییه‌ ناوخۆییه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و پێداویستییه‌کانی رۆژانەی هاووڵاتیان".

رۆژی 17ی 7ی 2025، ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق لەكۆبوونەوەی نائاسایی خۆیدا لێكتێگەیشتنی نوێی لەگەڵ هەرێم پەسند كرد و بڕ‌یاردرا مووچەی مانگی پێنج رەوانەی هەرێم بكرێت، لە بەرامبەریشدا حكومەتی هەرێمی پابەند كرد بە هەناردەكردنی 230 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە لەڕێگەی كۆمپانیای سۆمۆوە، هاوكات ناردنی 120 ملیار دیناری مانگانە لە داهاتی نانەوتی و ئەنجامدانی تەوتین بۆ مووچەخۆرانی هەرێم لە ماوەیەكی نزیكدا.  

2025-08-11
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.