هەرێم لەبارەی ناردنی داهاتەکەیەوە بۆ بەغدا "بێ توانا"یی خۆی راگەیاند
نها نیوز - هەواڵەکان
جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، لەسەر نەوت رێككەوتون، بەڵام بەگوێی زانیارییەکان هەرێم ناتوانێت (120) ملیار دیناری مانگانە بدات بە بەغدا و تائێستاش نەوتی رادەست نەكردووە.
شاخەوان عەبدوڵا، جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق بەمیدیای یەکێتی وت "رێككەوتن لەسەر دۆسییەی نەوت لەنێوان هەولێرو بەغدا كراوە و كۆتایهاتووە".
لەبارەی داهاتی نا نەوتیشەوە ناوبراو وتیشی "گفتوگۆكان لەسەر داهاتی نانەوتی بەرەوپێشچونی زۆری بەخۆوە بینیوە، هەركات رێكبكەون، بیانویەك نامێنێتەوە بۆ رەوانەكردنی مووچە بۆ هەرێمی كوردستان".
لەبارەی داهاتە نانەوتیەكانیش، بەگوێرەی زانیارییەكان، شاندەكەی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە بەرپرسانی بەغدای راگەیاندووە، تەنها بۆ مانگی (6) دەتوانن بڕی (120) ملیار داهاتی ناوخۆ رادەست بكەن، بەپێی خەرجییەكانی ناوخۆیان زۆرە و دەگاتە نزیكەی (160) ملیار دینار.
قسەكانی جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق لەكاتێكدایە، تائێستا هەرێمی كوردستان نەوتەكەی رادەستی كۆمپانیای سۆمۆ نەكردووە، كە بەوتەی وەزیری نەوتی عێراق، بڕیاربوو رۆژی چوارشەممە و پێنج شەممەی رابردوو هەرێم بڕی (80) هەزار بەرمیل نەوت رادەستی بەغدا بكات، بەڵام لەگەڵ ئەوەی لە دوو رۆژی رابردوودا زۆرینەی كێڵگە نەوتیەكانی هەرێم دەستپێكردنەوەی كاركردنیان راگەیاند و بڕی بەرهەمهێنان (200) هەزار بەرمیلی تێپەڕاند، تائێستا هیچ بڕە نەوتێك رادەستی بەغدا نەكراوە، كە یەكێك لە دوو خاڵە سەرەكییەكەی رێككەوتنەكەی نێوان هەرێم و بەغدایە، بۆ ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم.
|