هۆکاری بنەڕەتی بڕیارنەدان لەسەر مووچە راگەیەندرا
نها نیوز - هەواڵەکان
باس نەكردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم لە كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بەوتەی پەرلەمانتارێکی کورد لە بەغدا، هەردوو ڕاپۆرتی تایبەت بە نەوت و داهاتی نانەوتی لیژنە هاوبەشەكان نەیانتوانی ئەو ڕاپۆرتانە ئامادە بكەن.
لەگەڵ ئەوەی چاوەكان لەسەر ئەوەبوون كەلە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بڕیار لەسەر ناردنی مووچەی مانگی شەش بدرێت، بەڵام لەكۆبوونەوەكەی ئەمڕۆ هیچ بڕیارێك نەدرا.
لەوبارەیەوە سروە محەمەد، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراكسیۆنی یەكێتیی نیشتیمانیی کوردستان بە میدیاکانی ڕاگەیاند "لەگەڵ ئەوەی وابڕیاربوو كە تاوەکو پێش كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران هەردوو ڕاپۆرتی تایبەت بە نەوت و داهاتی نانەوتی ئامادەبكرێت و بخرێتە بەردەم وەزیرانی نەوت و دارایی و سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران، بەڵام لیژنە هاوبەشەكان نەیانتوانی ئەو ڕاپۆرتانە ئامادە بكەن".
ناوبراو ئاشکراشیکرد "هەر بەهۆی ئامادەنەكردنی ئەو ڕاپۆرتانەوە بوو كەلە كۆبوونەوەی ئەمڕۆ هیچ باسێك لە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم نەكرا، چونكە لە كۆبوونەوەی ڕابردووی ئەنجومەنی وەزیران، سەرۆك وەزیرانی عێراق مۆڵەتی بە لیژنە هاوبەشەكانی هەرێم و بەغدا دابوو بۆ ئەوەی لەماوەی ئەم هەفتەیەدا ڕاپۆرتێكی هاوبەش لەسەر بابەتی داهاتی نەوت و نانەوتی ئامادە بكەن و دواتر لەسەر بنەمای ئەو ڕاپۆرتانە بڕیار لەسەر ناردنی مووچە بدرێت".
پەرلەمانتارەکەی عێراق راشیگەیاند "بابەتی ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم دواكەوت بۆ دوای كۆتایی هاتنی پشووەكانی چلەی ئیمام حسێن و یادی عاشورا كە تا ناوەڕاستی ئەم مانگە هیچ كۆبوونەوەیەكی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بەڕێوەناچێت".
|