ئابوری

زانیاریی نوێ لە سەر کاری لیژنە تایبەتەکانی وەزارەتی دارایی گەیشت

نها نیوز – هەواڵەکان

شاندی هاوبەشی وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستان و دیوانی چاودێری دارایی دوای گفتوگۆیەکی چری دوو رۆژە لە بەغداوە گەڕانەوە هەرێم  و بریارە راپۆرتێکی هاوبەش سەبارەت بە دیاریكردنی بڕی داهاتەكانی هەرێمی كوردستان ئامادە بکرێت، پەرلەمانتارێکی یەکێتیش دەڵێت" ئەگەر تا سبەی شەممە ئەو ڕاپۆرتانە ئامادە نەكرێن ئەوا پێناچێت لە كۆبوونەوەی ڕۆژی یەكشەممەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاری ناردنی پارە بۆ مووچەی مانگی شەش بدرێت.

بەپێی زانیاریەكانی نها کە لە سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە دەستی کەوتوە،  وەفدە کەی هەرێم،لەگەڵ وەزارەتی دارایی عیراق راپۆرتێكی هاوبەشیان ئامادە كردوەو بڕیاریشە ئێوارەی شەممە راپۆرتەکە تەسلیمی تەیف سامی، بۆ ئەوەی رۆژی یەکشەممە  بدرێتە محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عیراق و بریاری کۆتایی لەسەر بدات.

لەوبارەیەوە، د. بڕیار رەشید، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراكسیۆنی یەكێتی ڕایگەیاند: لیژنەهاوبەشەكانی نێوان حكومەتی هەرێم و حكومەتی عێراقی هێشتا ڕاپۆرتی كۆتاییان لەسەر بابەتە داراییەكان نەنوسیوە و تەنها سبەی شەممەیان لەبەردەستداماوە بۆ ئەوەی ڕاپۆرتەكە ئامادەبكەن و لە ڕۆژی یەك شەممە رادەستی ئەنجومەنی وەزیران و وەزیری دارایی بكرێت.

دەشڵێت " ئەگەر تا سبەی شەممە ئەو ڕاپۆرتانە ئامادە نەكرێن ئەوا پێناچێت لە كۆبوونەوەی ڕۆژی یەكشەممەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاری ناردنی پارە بۆ مووچەی مانگی شەش بدرێت، هاوكات ئەو بابەتەش دەكەوێتە هەفتەی داهاتووتری دوای كۆتایی هاتنی یادی عاشورا."

هەر بەپێی زانیاریەكان، بەغدا پێشنیاری كردووە لەڕێی بانكی رافیدەینەوە مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم بخرێتە سەر هەژمارەكانیان نەك پارەكە راستەوخۆ بنێردرێت بۆ وەزارەتی دارایی هەرێم.

لەكۆبونەوەكاندا ئەوەشخراوەتەڕوو، لە چەند رۆژی داهاتوودا كۆمپانیایەكی ئەمریكی سەردانی كێڵگە نەوتیەكانی هەرێم دەكات و تێچووی دەرهێنانی نەوت لە كیڵگەكاندا دەخەمڵێنێت و چاوەڕوان دەكرێت حكومەتی هەرێم و عیراقیش پابەندی بڕیاری كۆمپانیاكە بن.

بەگوێرەى دواین رێکەوتنى نێوان هەولێر و بەغداد کە لە 17 تەموز ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق کردى بەبڕیارى ئەنجوومەنەکە، پێویستە لەلایەن لیژنەیەکى هاوبەشى هەردوولا بڕى داهاتى نانەوتى  دیاریی بکرێت و بەشى گەنجینەى فیدراڵى لە داهاتەکە بۆ بەغداد بنێردرێت.

 
2025-08-08
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.